حاكم قادر: قەوارەی ھەرێم دەستكەوتێكی یاساییە و پێوستە پارێزگاری لێبكەین



حاكم قادر ڕایگەیاند، قەوارەی ھەرێم دەستكەوتێكی یاسایی و ڕەوای نەتەوەییە و پێوستە بە یەكێتی و یەكڕیزی گەلەكەمان و سەرجەم پێكھاتەكان و حزبە كوردستانیەكان پارێزگاری لێبكەین

لە میانی بەشداریکردنی لە سیمنارێکی یاساییدا، کە بۆ ژمارەیەك یاساناس و خوێندكارانی بەشی یاسا و گەنجان و لاوان سازكرابوو، حاکم قادر حەمەجان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، تەنها سەروەری یاسا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پابەندبوون بە دەستوور، دەتوانێت حكومەتی عێراق و هەرێم لەو قەیرانانە ڕزگار بکات کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەڵەکە دەبن، ھەروەھا بەبێ سەروەری یاسا و ئازادی بیروڕا ئەستەمە بتوانین باس لە گەشەکردنی دیموکراتیەت بکەین لە وڵاتدا.

حاکم قادر لە وتەیەکیدا هۆشداریدا لە درێژەخایەندنی پەرتەوازەیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و ڕایگەیاند، پێویستە یەك دەنگ و یەكھەڵوێست بین، لە ڕووبەڕووبونەوەی ھەر ئەگەرێك و ھەوڵێك، كە نەتەوەكەمان، قەوارەكەمان، كۆمەڵگەكەمان، یان ھاوڵاتیان بە ئامانج دەگرێ لەسەر خاكی ھەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم، چونكە ئەو نەهامەتیانەی گەلەکەمان ئێستا بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لە نەناردنی مووچە و شایستە داراییەکان بەشێکی زۆری بۆ پەرتەوازەیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە و ئەگەر ئەو پەرتەوازەییە بەردەوام بێت، دەبێت چاوەڕێی دۆخی لەمەی ئێستاش خراپتر بکەین.

حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەشكرد، كە قەوارەی ھەرێم دەستكەوتێكی یاسایی ڕەوای نەتەوەییە و پێوستە بە یەكێتی و یەكڕیزی گەلەكەمان و سەرجەم پێكھاتەكان و حزبە كوردستانیەكان پارێزگاری لێبكەین

لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و پۆستی پارێزگاری كەركوك حاكم قادر وتی، “پێشتر داوامانكرد سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی بەیەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرجەم ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم بكەن، بەڵام بەداخەوە فرە لیستی لایەنە كوردستانیەكان وایكرد كورد لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم دەنگێكی زۆری بفەوتێت، بۆیە پێویستە ئەو هەڵەیە دووبارە نەکرێتەوە و لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم، لەسەر سەرجەم پۆستەكان ڕێكبكەوین و یەكدەنگ بین و ململانێكان وەلابنێین، چونكە قۆناغەكە پێویستی بەیەكڕیزیە لەپێناو بەدەستھێنانی مافە ڕەواو یاسایی و دەستوریەكانی گەلی كوردستان”.

جەختیکردەوە، دەبێت گەلی کوردستان بە یەکڕیزی و تەبایی پێداگری لە جێبەجێکردنی خاڵ و بڕگەکانی دەستووری عێراق بکات و ناکرێت هەموو بابەتەکان لە پرسی مووچەدا کورت بکرێتەوە.

سەبارەت بە مووچەش حاکم قادر دەشڵێت: “ئەوە پرسێکە جێگەی مشتومڕ نییە و دەبێت حکومەتی هەرێم بێ چەندوچوون و پاساوهێنانەوە هەر ڕێگایەكی ڕەوا و پێویست بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی مووچە دابین بکات و هیچ پاساوێکیش بە بەغدا نەدات، تا بتوانن یاری بە قوتی مووچەخۆرانی گەلی کوردستان بکەن”.

لە كۆتایی وتارەكەیدا جەختی كردەوە، پێویستە پەیوەندی نێوان داواكاری گشتی و میدیایی ئازادیی پڕۆفیشناڵ تەندروست بێت تا بتوانرێت زەمینەیەکی لەبار بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەبێت.

مامۆستایانی نارازی: ناچینە ژێر فشارەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت
پێت مامۆستایانی نارازی: ناچینە ژێر فشارەکان و بایکۆت بەردەوام دەبێت
وەزارەتی کشتوکاڵ: لە بەرھەمھێنانی ھێلکە و مریشك گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش
دوات وەزارەتی کشتوکاڵ: لە بەرھەمھێنانی ھێلکە و مریشك گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاتریش
پەیوەنیدر