سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوپاسی پەرۆشی و هاوخەمی هاووڵاتیان دەكات بۆ بەشداری بەرفراوانی شەهیدبوونی فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و بەشداریكردنیان لە رێوڕەسمی پێشوازی و بەخاكسپاردن و پرسەكەی .
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا سوپاسی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هاوسەنگەرانی ئاكام عومەر و سەرۆكی پارت و هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق دیپلۆماتكار و كونسوڵی وڵاتان دەكات، كە بەشدار و هاوخەم بوون بۆ شەهید بوونی ئاكام عومەر.
دەشڵێت،”شەهیدبوونی ئاكام عومەر كوردستان رۆڵەیەكی دڵسۆز و بەئەمەكی لەدەستدا، رۆڵەیەك كە خەمی نیشتمانی دابوو بە شانیدا و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی خەڵك و خاكەكەیدا خەباتی دەكرد”.
بەڕێزان خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، هاوسەنگەرانی كاك ئاكام
سەرۆكی پارت و هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق
كەسایەتییە سیاسی، حكومی، حزبی و كۆمەڵایەتییەكانی كورد، عەرەب و سەرجەم پێكهاتەكان
پارێزگار و پەرلەمانتارانی بەڕێز، دیپلۆماتكار، كونسوڵی وڵاتان و نوێنەرانی هێزەكانی هاوپەیمانان.
هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق
سوپاسی پەرۆشی و هاوخەمیتان دەكەین بۆ شەهیدبوونی كاك ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و بەشداریكردنتان لە رێوڕەسمی پێشوازی، بەخاكسپاردن و پرسەی فەرماندە ئاكام.
بە شەهیدبوونی كاك ئاكام، كوردستان رۆڵەیەكی دڵسۆز و بەئەمەكی لەدەستدا، رۆڵەیەك كە خەمی نیشتمانی دابوو بە شانیدا و لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازیی خەڵك و خاكەكەیدا خەباتی دەكرد.
درود بۆ رۆحی برا و دۆستی دڵسۆز و تێكۆشەرم شەهید ئاكام و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان