دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی 2023 ی ڕاگەیاندو ئاشکرایکرد؛ بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی زیادیکردووە و به ههزاران مین و تەقەمەنیش لە ناوبراون.
رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 8/1 2024 جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئامادەبوونی نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگا و سەلام محەمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوان و عەلی میران بەڕێوەبەری گشتی کاروباری هونەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکییەکانی 2023ی ڕاگەیاند.
بەپێی لێدوانی سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بەراورد بە ساڵی پێشتر ڕووبەری پاککراوە بە مین و تەقەمەنی زیادیکردووە و به ههزاران مین و تەقەمەنیش لە ناوبراون، هەروەها ژمارەی شەهید زیاتر و کەم ئەندامبووانیش بهراورد به ساڵی پێشتر کەمتربووه.
جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، رایگەیاند: لە 2023دا بەهەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی مین لابهری دەزگای مین و ڕێكخراوه نێودهوڵهتیهكان توانراوە (2,803,326)م٢ دووملیۆن و ههشت سهد و سێ ههزار و سێ سهد و بیست و شهش مەتر دووجا، لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێتەوە، کە لە چاو ساڵی پێش خۆی رووبهری پاككراوە زیادیکردووە، کە خۆی لە (33) کێڵگەی مین و(11) شەڕگە دەبینێتەوە، دوای پاککردنەوەشیان ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتوانرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان بهکاربهێنرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە.
ناوبراو باسی لە ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانە کرد، کە لەڕێگەی تیمەکانی مین لابەری دەزگای گشتی کاروباری مین و ڕێکخراوەکانەوە هەڵگیراونەتەوە و لە ناوبراون، ژمارەیان بریتی بووە لە (3,849)مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک، هەروەها زیاتر لە (6,284) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED ، پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو.
سەرۆکی دەزگای گشتی كاروباری مین دڵگرانی خۆی بە ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵی 2023 بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بوونەتە قوربانی و ڕایگەیاند” لەو ساڵەدا (23) بەرکەوتوو بە ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش (10) کەس گیانیان لەدەستداوە و (13)ی تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگە مینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە”.
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین، ژمارەی سودمەندبووانی لە بەرنامەی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنیش ڕاگەیاند؛ کە خۆی لە (85,000) هەشتاو پێنج ههزار کەس لە ژن و پیاو و منداڵ دەبینێتەوە بەتایبەت بۆ ئەوناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی.