هەرێمی کوردستان پلانی هەیە ئەمساڵ 10 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ ناوچە گەشتیارییەکان ڕابکێشێت و ڕێکخستنی چالاکی زستانەش بەشێك دەبێت لە پلانی دەستەی گەشتوگوزار.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری مارکێتینی گەشتیاریی سەر بە دەستەی گەشتوگوزار بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، دەستەی گەشتوگوزار پلانی هەیە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە 10 ملیۆن کەس و ڕوونیشیکردەوە کە ئەمە لە چوارچێوەی پلانێکی درێژخایەنی دەستەکەدا دێت بۆ ئەوەی تا 2030 ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە 30 ملیۆن.
ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵی ڕابردوو نزیکەی هەشت ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕێژەی 80٪یان عەرەبی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق بوون و 20٪ەکەی دیکەش بیانیی بوون.
سیروان تۆفیق جەختیشیکردەوە لە پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی گەشتیاریی و هەوڵیش دەدات وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان لە دروستکردنی شوێنی گەشتیارییدا بخەنەگەڕ.
دەستەی گەشتوگوزار هەوڵ دەدات گەشتیاریی زستانەش ببوژێنێتەوە و سیروان تۆفیق ڕوونیکردەوە کە هەوڵ دەدەن لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا چالاکی جۆرواجۆر ئەنجام بدەن.