بۆ هەمواری پلەبەندی مووچە سودانی بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت



دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە وەستانی هەمواری پلەبەندی مووچە بۆ زیادكردنی مووچەی پلەوەزیفیە نزمەكان و دەرماڵە و نەهێشتنی جیاوازی مووچەی وەزارەتەكان، دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق داوا دەکەن سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی هەمواری پلەبەندی مووچە.

هادی سەلامی و عامر عەبدولجەبار، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کردوە و داوا دەکەن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێستی دانیشتنی پەرلەمان بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی پەسەندکردنی هەمواری پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران، کە لە ماددەی 58ی یاسای گشتی بودجەی فیدڕاڵی باس کراوە.

ئەو دوو پەرلەمانتارە، داوا دەکەن سەرۆک وەزیرانی عیراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری دواکەوتنی هەمواری پلەبەندی موچەی فەرمانبەران و ناردنەوەی یاسای نوێی خزمەتی شارستانی بۆ پەرلەمان.

دەشڵێن: دەبێت ڕوونكردنەوە بدرێت لەسەر ئەوەی بە نووسراوێکی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوەی هەمواری مووچە ڕاسپاردەی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و چاوەرێییە متمانەی پێببەخشرێت، بۆچی تاوەكو ئێستا پەسەند نەكراوە

بەپێی خشتەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران، كە ئێستا لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانە دوای ئەوەی لینەی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و پلاندانان ئامادەیان كرد، مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بەپێی پلەكان زیاد دەكرێت و لە 300 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات بۆ 975 هەزار دینار لەكاتێكدا لە خشتەی كۆن لە 140 هەزار دینارەوە دەستی پێدەكرد بۆ 948 هەزار دینار.

وەك لە خشتەكەدا هاتووە، دەرماڵەی هاوسەر 50 هەزار دەمێنێتەوە وەك خۆی و منداڵ دەبێت بە 25 هەزار دینار و هەروەها گواستنەوە لە ناوشار دەبێتە 30 هەزار دینار و قەزاكان 50 هەزار و گوندەكان 75 هەزار و ناوچە دوورەكان 100 هەزار دینار.

هاوكات بۆ دەرماڵەی ترسناكی و پایە و تایبەت ئەوە ڕوونكراوەتەوە، 50% دەبێت بۆ ترسناكی، بەڵام هەر وەزارەتێك بڕی 25%ی وەك دەرماڵەی تایبەت دەبێت و دەرماڵەی پلە بۆ بەرپرسی هۆبە 15% و بۆ بەرپرسی بەش 25% دەبێت.

بۆ دەرماڵەی بڕوانامە ئاماژە بەوەكراوە، بۆ بێ‌ بڕوانامە 10% و بۆ سەرەتایی 20% و بۆ ناوەندی 30% و ئامادەیی 40% و دبلۆم 50% و بەكالۆریۆس 60% و دبلۆمی باڵا 65% و ماجستێر 75% و دكتۆرا 100% دەبێت.

لای خۆشیەوە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی كاتی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر دانانی خشتەیەكی کاتی پەرلەمان و حكومەت كردەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر یەكلایی كردنەوەی پلەبەندی مووچە.

ڕاشیگەیاندووە، پێش ئەوەی هەر هەموارکردنێک بکرێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان توێژینەوەی ورد ئامادە بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی هەڵوەشاندنەوە و هەموارکردنەوەی بەشێک لەیاساکانی کارپێکراو وەك یاسای خزمەتی شارستانی و یاسای مووچەی ساڵی 2008 و هەروەها بوونی نەختینەیی دارایی و هەوڵدان بۆ دیاری كردنی کەمترین ئاستی مووچە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانبەران لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ژیانی ئێستا و هەڵاوسانی بازاڕ.

دووپاتیشی کردەوە، کەپلەبەندی پێشنیارکراوی مووچە بەپێی داتای ورد و لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادە بکرێت.

بەهۆی داڕمانی شاخەوە دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی هەرێم بێ ئاو دەبن
پێت بەهۆی داڕمانی شاخەوە دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی هەرێم بێ ئاو دەبن
چۆن بتوانین چاوەکانمان لەهیلاکبوون بپارێزین و سەلامەتبین ؟
دوات چۆن بتوانین چاوەکانمان لەهیلاکبوون بپارێزین و سەلامەتبین ؟
پەیوەندیدر