تەندروستی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا چەند زانیارییەک لەسەر پارێزگاری چاوەکانمان بڵاوکردۆتەوە و ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات.
سەرباری ئەوەی هیلاكبوونی چاوەكان مەترسیدار نیە ، بەڵام دیاردەیەكی بێزاكەرەو كاتێك چاوەكان هیلاك دەبن هەست بە سووتانەوەو خوران دەكرێت ، ئەمانەش چەند رێنماییەكی گرنگن بۆ دووركەوتنەوە لە هیلاكبوونی چاوەكان:
- پشوودان :- پشوو بە چاوەكانت بدە لەكاتی هیلاكبوونیدا و هەوڵبدە بۆ ماوەی ( 5 ) دەقیقە چاوەكانت دابخەیت .
- باشتركردنی هەواگۆڕكێ لەشوێنی كاردا :- دەبێت شوێنی كاركردن هەواكەی پاك بێت و تەپوتۆزی تێدا نەبێت و هەروەها جگەرەی تێدا نەكێشرێت بۆئەوەی چاوەكان پارێزراو بن لە ووشك بوونەوە .
- ئەنجامدانی راهێنان : – پێویستە لەكاتی كاركردندا راهێنانی پشوودان ئەنجام بدرێت وەك دانانی ئەنیشك لەسەر مێزی كاركردنەكەت و پاشان بەرزكردنەوەی دەستەكانت بۆ سەرەوە بۆ خستنە ژێر چەناگەت یاخود دانانی سەرت لەنێوان هەردوو قۆڵت و دەستتدا پاشان داخستنی چاوەكانت و كرداری هەناسەدانی قووڵ ئەنجام بدە .
- شێلانی برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو : – مەساجكردن بۆ برۆ و ماسولكەكانی دەموچاو بۆماوەی 10 چركە یارمەتیدەرە بۆ دووركەوتنەوە لە ووشكبوونەوەی و هیلاكبوونی چاو .
- بەكارهێنانی چاویكلەی گونجاو : – لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا یاخود لەكاتی خوێندنەوەدا ، ئاگاداربە لە بەكارهێنانی چاویلكەو هاوێنەی پزیشكی چاو بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی چاویان لاوازە پێویستە ئەو چاویلكەیەی بەكاری دەهێنێت گونجاوبێت و لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە دانرابێت .
- بەكارهێنانی قەترەی چاو : – لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆماوەیەكی دوورو درێژ ئەوا چاوەكان رووبەڕووی هیلاكبوون و ووشكبوونەوە دەبنەوە بۆیە دەبێت لەو كاتانەدا قەترەی چاو بەكاربهێنرێت بۆ ڕوودانی گریانی دەستكرد كەبەبێ رەچەتەی پزیشكی لە دەرمانخانەكاندا دەفرۆشرێت و چاو لە وشكبونەوە دەپارێزێت و پاكی دەكاتەوە .
- چاوتروكانی زیاتر بۆ چالاكبوونی چاوەكان : – هەركاتێك كۆمپیوتەر زیاتر بەكاربهێنرێت ئەوا پێویستە چاوەكان زیاتر بتروكێنرێت ئەویش لەپێناو چالاكبوونی زیاتری چاوەكان و هێشتنەوەی بەتەڕی و ڕوونەدانی وشكبوونەوەی چاوەكان .
- ئامێرە ئەلكترۆنیەكان : – پزیشكان ڕێنمایی ئەوە دەكەن لەكاتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكاندا وەك كۆمپیوتەرو هاوشێوەكانی ، بۆماوەی ( 5 بۆ 15 ) چركە چاو لەسەر شاشەی ئەو ئامێرانە لابەرین و بەسەیركردنی شوێنێكی دیاریكراو و دورتر لە ئامێرەكە بڕوانین .
- خۆراك : – خواردنی خۆراكەكانی وەك سپێناغ و ماسی و هێلكەو چەرەسات و پرتەقاڵ لە ژەمە سەرەكیەكانی ڕۆژانەدا .
- شوێن : – پێویستە ئەو شوێنەی كە ئامێرە ئەلكترۆنیەكانی تێدا بەكار دەهێنرێت ڕووناكیەكەی گونجاو بێت واتە ڕووناك بێت و تاریك نەبێت .
بــــه هیـــوای ســـەلامـــەتــــــی و تــــەنـــدروستــــــی بــــــاش ،