جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەكە سایلۆیەكی گەورە و 10 كۆگا دروست دەكرێن و لە مانگی 11ەوە دەستی پێكردووە.
كاوە عەلی كەریم، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پڕۆژەی دروست كردنی سایلۆ و 10 كۆگاكە لە ناوچەی دەرەشیش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەڵەبجە دروست دەكرێت لەسەر ڕووبەری 51 دۆنم زەوی.
ڕاشیگەیاند، پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای (ئەدمین)ەوە جێبەجێ دەكرێت و لەمانگی 11ی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە و ماوەی پڕۆژەكە 700 ڕۆژە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەكە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی ساڵی 2022ی وەزارەتی بازرگانییە بە بڕی 27.5 ملیار دینار.
وتیشی، “سایلۆكە بە قەبارەی 40 هەزار تەنە لەگەڵ 10 كۆگای ئەمباركردن”.