سەرەڕای بڕیاری حكومەتی هەرێم و چاودێری بازرگانی بۆ هەرزان كردنی نرخی نان و سەموون، بەلام هێشتا بڕیارە لە سلێمانی نەچۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە و نانەواخانە و سەموونخانەكان داوا دەكەن پارەی كارەبا و نرخی ئارد هەرزان بكرێت ئەوجا ئەوانیش نرخ هەرزان دەكەن.
لە بەدواداچوونێكی پەیامێری (خەڵك) لە سلێمانی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەكان، دەردەكەوێت، كە تا ئێستا نرخی نان و سەموون وەك خۆیەتی و هەرزان نەكراوە.
دوابەدوای گران بوونی ئارد لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ئۆكراینا، نرخی نان و سەموونیش گران بوو، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی ئارد و گەنم بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، تا ئێستا نرخ و كێشی نان وەك پێشتر ئاسایی نەبۆتەوە، كە 8 نان بە كێشی 130 گرام بە هەزار دینار بوو.
لە ئێستادا ئەو شوێنانەی 6 نان “سەموون” دەدەن بە هەزار دینار کێشی گونکەکانیان 130 بۆ 135 گرامە و ئەو شوێنانەی 8 نان “سەموون” دەدەن بە هەزار دینار هەر گونکێکیان 90 بۆ 100 گرامە.
سەڵاح ساڵح، نوێنەری نانەواخانە و سەموونخانەكانی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، “هەواڵەکەمان تەنها لە کەناڵەکانەوە بیستووە و حکومەت بە فەرمی ئاگاداری نەکردووینەتەوە و پێویستە حکومەت نرخی ئارد و سووتەمەنی هەرزان بکات.”
ڕاشیگەیاندووە، نرخی کارەبایان لەسەر هەرزان کراوە، بەڵام لە نیوەی شەودا کارەبا دەدرێت و سوودی لێنابینن، دەبێت نانەواخانە و سەموونخانەکان کارەبای مۆلیدەی گەڕەکەکان ڕابکێشن.
دەشڵێت: “با حکومەت نرخی ئارد هەرزان بکات بۆ خوار ٢٠ هەزار بۆ یەک فەردە و سووتەمەنیان بۆ دابین بکات وەک حکومەتی ناوەند، ئەو کاتە ئەوان دەتوانن نرخی نان و سەموون هەرزان بکەن”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر ڕایگه‌یاندووە، “به بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی، له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه، له هه‌موو پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، 10 نان و سه‌موون، كه نابێت كێشیان له 90 گرام كه‌متر بێت به هه‌زار دینار به هاووڵاتییان ده‌فرۆشرێت”.
وتیشی، “بڕیاره‌كه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه و دوای راوێژ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاودێری بازرگانی ده‌ركراوه و هه‌ر نانه‌واخانه و سه‌موونخانه‌یه‌ك پابه‌ندی بڕیاره‌كه نه‌بێت، رێكاری یاسایی به‌رانبه‌ری ده‌گیرێته‌به‌ر و داده‌خرێت”.
بەپێی زانیارییەكان، لە ئەمڕۆوە لە بەشێك لە نانەواخانە و سەموونخانەكانی هەولێر بەپێی كێشی دیاریكراو (90 بۆ 100 گرام) 10 نان و سەموون كراوە بە هەزار دینار.