حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەم بۆ پشتیوانیكردنی كرێكاران و كەرتی تایبەت، پرۆسەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران گەشەی پێ دراوە و تاكو ئێستاش ١٤٤ هەزار و ٩٣٠ كرێكار دەستەبەر كراون.
بە دوو یاسا پارێزگاری لە مافی كرێكاران دەكرێت، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی ژمارە ٣٩ی ١٩٧١ و یاسای كاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧، كە تیایاندا تەمەنی خانەنشینیی پیاوان ٢٠ ساڵ خزمەت و ٦٠ ساڵ تەمەنە. بۆ ئافرەتانیش ٢٠ ساڵ خزمەت و ٥٥ ساڵ تەمەن دیاری كراوە. بەوەش تاكوو ئێستا ٨٨٠ كەس خانەنشینی وەردەگرن.
مەریوان بەگۆك عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووە، پێویستە هەر خاوەن پرۆژەیەك كرێكارەكانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بنێرێت تاكو خۆیان دەستەبەر بكەن. لەو دەستەبەرەدا، ٥٪ی مووچەی كرێكار و ١٢٪ی داهاتی خاوەن پڕۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنەشینی و دوای ئەوەی كرێكار گەیشتە خانەنشینبوون، خانەنشینییەكەی دەدرێتێ.
وتیشی، “جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، نابێت هیچ كرێكارێك مووچەكەی لە ٣٥٠ هەزار كەمتر بێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەندێك خاوەنكار دەیانەوێت كرێكاران دەستەبەر نەكرێن، هانیان نادەن و زانیارییان لێ دەشارنەوە، لەبەرئەوەی نایانەوێت داهاتیان كەم بێتەوە، ئەمەش سزای لەسەرە، بەپێی ماددەی ٩٦ شاردنەوەی زانیاری سزای لەسەرە و تۆمەتبار لێپرسینەوەی لێ دەكرێت. بۆیە پێویستە كرێكاران هۆشیاربن و خۆیان تۆمار بكەن، تا دواتر مافی خۆیان وەرگرنەوە.”
جەختیشی كردۆتەوە، هەر لە هەمان چوارچێوەی خزمەتدا، حكومەتی هەرێم گەرمەهێڵی پەیوەندیی ژمارە ٥٥٠٠ـی بۆ كرێكاران داناوە، تا ئەگەر كێشەیەكیان لە كاردا بۆ دروست بوو، پەیوەندی بكەن و لێپرسینەوە بكرێت و دۆسیەكەیان ڕەوانەی دادگاكانی كار بكرێت.