سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سوورن لەسەر كۆتایهاتنی ئەركی هێزە بیانییەكان لە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكدەهێنن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی كاریگەری خراپی لەسەر عێراق هەبووە و وەكو هێرشكردنەسەر عێراق و ئێران بوو.
دەشڵێت: “عێراق رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، بەڵام لە هێرشەكەی سەر بەغدا سەروەری وڵات و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشێلكران”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیدانەی هێرشەكردنەسەر هێزە ئەمنییەكانیان دەكەن و حەشدی شەعبی نوێنەرایەتی فەرمی دەوڵەت دەكات و بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق.
سودانی وتیشی، “هیچ كەس ناتوانێت سەروەری عێراق پێشێل بكات و هەڵوێستەكانیشمان نەگۆڕە سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان و لیژنەیەكی دوو قۆڵیش لە نێوان هەردوولا پێكدەهێنرێت بۆ كۆتایهاتنی ئەركی ئەو هێزانە لە عێراق”.