وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیركردنی ژمارەیەك لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی كرمان ڕادەگەیەنێت.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو گرووپەی تەقینەوەكەی شاری كرمان-یان ئەنجامدا دەستگیركران.
ڕاشیگەیاندووە، هێزەکانی دەزگای هەواڵگری چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە تەقینەوەکانی کرمان.
ڕۆژی چوار شەممە لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و لە نزیك گۆڕەكەی لە شاری كرمان مەراسیمی ساڵیادی كۆچی دوایی بۆ ئەو سەركردە ئێرانییە ئەنجام درا، بەڵام لەو كاتەدا دوو تەقینەوە ئاپۆڕای هاووڵاتیانی هەژاند و بەهۆیەوە نزیكەی 100 كەس كوژران و نزیكەی 200 كەسیش بریندار بوون.