دوای ڕێككەوتنی هەرێم و ئەمریكا، پارەی تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بۆ مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە كەم كرایەوە.
ماڵپەڕی (ئەلمونیتەر)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا ئەو بڕە پارەیەی، کە مانگانە خەرجی دەکات بۆ پێدانی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە 20 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 15 ملیۆن دۆلار کەم کردۆتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمریكا بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشمەرگە بە بڕی 5 ملیۆن دۆلار كەم كردۆتەوە، كە مانگانە بۆ پاڵپشتیكردنی مووچەی (54) هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانی دەكرد.
بەرپرسێکی باڵای واشنتۆن بە ماڵپەڕەکەی وتووە، “هۆکاری کەمکردنەوەی پارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە چاكسازییەكانی وەك ئەوەی لە یاداشتی لێكتێگەیشتنی 2022 دا هاتووە جێبەجێ نەكردووە”.
لای خۆشیەوە، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە وتویەتی، “بڕینی بودجەكە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2023-ەوە كاری پێكراوە بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی، كە لە نێوان ئەمریكا و حكومەتی هەرێم واژۆكراوە”.