دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر سكاڵای ناردنی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دابەشكردنی مووچە، كە بە سێ گوژمەی 700 ملیاری ڕەوانەكرا كۆدەبێتەوە و سكاڵاكە لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆماركراوە.
بەپێی خشتەی دادبینی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، لە 8ی 1ی 2024، دادگا كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی سكاڵایەك لە دژی ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ هەرێمی كوردستان.
لەماوەی ڕابردوودا مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سكاڵای لەدژی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆماركرد لە دژی ناردنی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دابەشكردنی مووچە.
لە 17ی ئەیلولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و بەسێ گوژمەی 700 ملیار دیناری ئەو پارەیەی نارد، كە بۆ مووچەی مانگەكانی 7 و 8 و 9 خەرج كرا، بەڵام هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی (10 و 11 و 12) نادیارە.