ئەرسەلان ڕەحمان
ئه‌مریكا و ئێران، ئه‌گه‌رچی له ڕووی میدیاییه‌وه گوتاری دژایه‌تیی یه‌كدی ده‌جوون، به‌ڵام نایگه‌یه‌ننه مریشكه‌ڕه‌شه. به‌بێ ئه‌وه‌ی دانی پێدا بنێن، له ژێر لێوه‌وه، له نێو دێڕی په‌یامه میدیاییه‌كانیان تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌شیان هه‌یه، كه شه‌ڕی غه‌ززه فراوان نه‌بێت و له سنوری خۆیدا درێژه‌ی هه‌بێت تا كه‌فوكوڵی ئیسرائیلییه‌كان داده‌مركێت.
ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت “به‌ره‌ی مقاوه‌مه” له ناوچه‌كه‌دا، هه‌میشه به دوای پاساوێكهوهیه بۆ مانه‌وه و نوێكردنه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت، هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه، له شامه‌وه تا سه‌نعا هوتافی گرووپه‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه تا دێت گه‌رمتر ده‌بن و هێرشه‌كانیشیان خاڵی‌تر ده‌بنه‌وه له كاریگه‌ری.
له ده‌ستپێكی شه‌ڕی غه‌ززه‌وه، ئه‌مریكاییه‌كان به هه‌موو لایه‌كیان ڕاگه‌یاندووه، ئه‌وان نایانه‌وێت به‌ره‌ی شه‌ڕ فراوان بێت. ته‌نانه‌ت ئیسرائیلیش پابه‌ندی ده‌ربڕیوه كه نایه‌وێت شه‌ڕه‌كه فراوان بێت. ئێران له‌و وڵاتانه‌یه، له هه‌مووان له پێشتره بۆ تێگه‌یشتن له په‌یامه‌كانی ئه‌مریكا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایكرد، له 2020دا كاتێك سوله‌یمانی كوژرا، خامه‌نه‌یی له بری فه‌توای جیهاد به كوڵ گریا و كه‌فوكوڵی ده‌روونی ئێرانییه چیكڵدانه ته‌نگه‌كانی به گریان دامركانده‌وه. كاتێكیش ویستیان شكۆ بكڕنه‌وه، به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكا هۆڵه له جه‌مه‌لۆن دروستكراوه‌كانی عه‌ین ئه‌سه‌دیان ههڵتهكاندن، به‌ڵام تره‌مپ كه ئاگاداری سهوداكهبوو، ئه‌و شه‌وه بێ نیگه‌رانی خه‌وت و كاتێك له‌خه‌وهه‌ڵسا، به تویته سه‌رنجڕاكێشه‌كانی، موژده‌ی دا، كه هێرشه‌كه‌ی ئێران هیچ زیانی نه‌بووه.
ئێران، ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خۆی بێبه‌ری كرد، له هه‌ر جۆره كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و گرووپانه‌ی ئاڵای مقاوه‌مه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه، پێشتریش بێئاگایی خۆیان له هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل هه‌رزوو به‌یان كرد. بۆ حوسییه‌كانی یه‌مه‌نیش، ئێران زیره‌كانه شه‌ڕ له خۆی دوور ده‌خاته‌وه و سیاسه‌تی نه‌شیش بسوتێت نه‌كه‌باب په‌یڕه‌و ده‌كات، ته‌نانه‌ت كه‌شتییه‌كی جه‌نگی ڕه‌وانه‌ی ده‌ریای سوور كردووه گوایا بۆ پاراستنی ڕێڕه‌وی بازرگانی.
له لوبناندا، دوای كوژرانی ساڵح ئه‌لعاروری، جێگری سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس له باشوری به‌یروت، كه به ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی حزبوڵڵا داده‌نرێت، هه‌بوون گره‌ویان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی حزبوڵڵا ده‌كرد، گوایه ده‌ستده‌كاته‌وه و به‌ره‌یه‌كی نوێی شه‌ڕ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری حزبوڵڵا وتی “ئه‌گه‌ر ئیسرائیل بیه‌وێت هێرش بكاته سه‌ر لوبنان، ئه‌وا؛ وه‌ڵاممان بێ چه‌ندوچوون ده‌بێت”، واته خۆیان هیچ نیازێكیان نییه به‌ره‌ی شه‌ڕ بكه‌نه‌وه. بۆ كوشتنی عاروری ته‌نیا ده‌ڵێت: “بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه”.
ئێران هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی ئه‌و فشاره ته‌كتیكییه سنووردارانه‌وه، كه هه‌میشه په‌راوێزێك بۆ پاراستنی گیانی ئه‌مریكاییه‌كان ده‌هێڵێته‌وه، په‌یامێكی گه‌وره‌تر بگه‌یه‌نێت. به بۆچوونی هه‌ندێك له شاره‌زایانی ڕه‌وشی سیاسیی ناوچه‌كه، ئێران خوازیاری گفتوگۆیه له باره‌ی به‌رنامه ناووكییه‌كه‌ی. مه‌یلێكی زۆری بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی ناووكی هه‌یه، ساڵێك له ته‌مه‌نی ئیداره‌ی بایدن ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ ئه‌وه‌ی ئێران به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا هه‌نگاوێك بنێت. چونكه هیچ دڵنیاییه‌ك نییه، بۆ داهاتوو، ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی دیكه كۆشكی سپی به‌ڕێوه‌به‌رێت.
ده ڕۆژ دوای ده‌ستپێكی شه‌ڕی غه‌ززه، واته له 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2023ه‌وه، گرووپه‌كانی مقاوه‌مه له عێراق و سوریا 115 هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا، كه له سووریا 900 سه‌رباز و له عێراق 2500 سه‌رباز تێیاندا جێگیرن. له كۆی ئه‌و 115 هێرشه ته‌نیا له بنكه‌ی نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، 3 ئه‌مریكایی بریندار بوون، له تۆڵه‌یدا ئه‌مریكا ڕۆژی 25ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، باره‌گاكانی حزبوڵڵای عێراقی له جرفولسهخری سنوری بابل بۆردومان كرد و یه‌كێكیان كوژرا و 18ی دیكه بریندار بوون.
ئه‌وه‌ی ڕوونه، هه‌موو یاریكه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هێزه ئیقلیمییه‌كان دیوی پشته‌وه‌ی یارییه‌كه ده‌بینن جگه له هه‌رێم، كه له ناوه‌ختدا و بەبێ ئه‌وه‌ی تێبینی ورده‌كاری ململانێ نێوده‌وڵه‌تیی و ناوچه‌ییه‌كان بكات، ده‌یه‌وێت له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێرشه درۆنییه‌كان بكرێت.
ئه‌مه‌ش له به‌یاننامه‌كه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم ڕه‌نگیدایه‌وه، كه ههناسهسوارانه و چیكڵدانه ته‌نگانه نووسرابوو، تێیدا په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی درێژكردبوو، بێ ئه‌وه‌ی بیری بێت، جێگره‌كه‌ی شیاع سودانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه، فوئاد حوسێن، پهسنكراوی خۆیه‌تی له‌و پۆستانه‌دا.
كاتێك هه‌ولێر، به ده‌نگێكی به‌رزتر له‌وه‌ی پێویسته، قسه له‌سه‌ر درۆنه‌كان ده‌كات و به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی واقیعه‌كه داوای هاوكاری له دۆسته‌كانی ده‌كات و به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێت، هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه له “كات و شوێنی گونجاو ده‌كات”، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیسرائیل بێت و كۆگایه‌كی گه‌وره‌ی درۆنی پێشكه‌وتووی هه‌بێت، كاردانه‌وه‌كان له‌وه باشتر نابن، كه وته‌بێژی حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی بڵێت “به‌یاننامه‌كه‌ی هه‌ولێر نابه‌رپرسیارانه‌یه”، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌و هه‌موو كونسوڵخانه و نێرده و نوێنه‌رایه‌تییانه‌ی له هه‌رێم هه‌ن، چونكه له سه‌ره‌داوی یارییه‌كه ده‌گه‌ن، به به‌یاننامه‌یه‌كیش به ده‌م داواكاری وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ته‌وه نه‌هاتن و هیچیان نه‌گوت، له به‌رانبه‌ردا، ژماره‌یه‌ك یه‌كێتی و سه‌ندیكا له‌سه‌ر ڕۆژنامه جڵدكراوهكانی خه‌بات، خۆیان گه‌یانده مایكه‌كان و ئیدانه‌ی هێرشه درۆنییه‌كانیان كرد.
ناوچه‌كه له دۆخێكی نوێدایه، كه یاریكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر جووڵه‌یه‌كیان په‌راوێزێك بۆ یه‌كدی ده‌هێڵنه‌وه، ناهێڵن مووی به‌ینیان بپچڕێت و زۆر به ڕژدی سه‌روخوار له یه‌ك ناگرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌خه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانی گرت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریتی په‌نجه ڕاوهشاندنهدا، پێده‌چێت، ته‌قینه‌وه‌كانی كرمان ده‌رچه‌یه‌كی نوێ بن بۆ هه‌ڵاتنی ئاسۆی له‌یه‌ك تێگه‌یشتنی نێوان هه‌ولێر و تاران، چونكه هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت زوو په‌یامی هاوخه‌می ئێرانییه‌كان و ئیدانه‌ی كرده‌وه‌كانیان گه‌یانده تاران. ئه‌مه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ قسه‌كانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه جیاواز له ساڵانی پێشوو له كۆڕی ماته‌مینی كونسوڵخانه‌ی ئێران له هه‌ولێر قسه‌ی كرد و به‌بێ په‌رده داوای هاوكاری و پشتیوانی ئێرانی كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
فازڵ میرانی نه‌یشارده‌وه، كه ئه‌گه‌ر قاسم سوله‌یمانی مابووایه، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و تاران، تاران و به‌غدا، ته‌نانه‌ت سلێمانی و هه‌ولێر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌ده‌بوون، بۆیه تكای كرد، ئێران ڕێگه‌ی قاسم سوله‌یمانی بگرێت.
له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، دوور له واقیع نییه ئه‌گه‌ر بگوترێت هه‌موو ڕێگه‌كان به تاران‌دا ده‌ڕۆن. كاتێك ئه‌و ڕاستییە جار له دوای جار زیاتر خۆی پیشانده‌دات، خۆ نه‌بان كردن هیچی بۆ چاره‌سه‌ر لێ هه‌ڵناوه‌رێت.
هه‌رێم ئێستا له ڕه‌وشێكدا نییه، بتوانێت به زیانی كه‌متر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، ده‌رباز بێت، بۆیه ته‌نیا ڕێگه‌ی به‌رده‌می بنیاتنانی پردی په‌یوه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه و دۆستانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌داوی هاوكێشه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش عه‌ره‌بستانی سعودیه ڕه‌نگه نموونه‌یه‌كی باش بێت، كه ئه‌گه‌ر گۆڕینی كه‌شی ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ ئێران بۆ په‌یوه‌ندی دیپلۆماتی نه‌بووایه، ڕه‌نگه درۆن و مووشه‌كی حوسییه‌كان خه‌ویان له چاوی ڕیاز تا ماوه‌یه‌كی درێژ تاراندبا.