مامۆستایانی ناڕازی یاداشتێکی فەرمیان داوە بە دەسەڵاتدارانی هەرێم ، بەپێی زانیارییەکانی ( خەڵک ) لەوانەیە هەفتەی ئایندە وەڵامیان بدەنەوە ،مامۆستایانی ناڕازی بەڕوونی لەیادەشتەکەیاندا ووتویانە تەنها ڕێگەی کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانە .
میدیای گۆڕانیش بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەکی باڵا له وهزارهتی پێی راگەیاندون: لەدواى ئەو یاداشتە چوار خاڵییەى مامۆستایان و فەرمانبەران ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردوە، له كۆبونهوهی ئهنجومهنی وەزارەتی پەروەردە گفتوگۆى لەسەر کراوە، لە چەند رۆژى داهاتودا لەئهنجومەنی وەزیران دو داواکارى مامۆستایان جێبەجێ بکریت.
ئەو داواکارییانەی کە ئەنجومەنی وەزاری پەروەردە گفتوگۆیان لەسەر کردووەن بریتین لە :
دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بەشێوەی گرێبەست
پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان
ماوەی زیاتر لە ٣ مانگە مامۆستایان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیان کردووە، مەرجی شکاندنی بایکۆتیشیان دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە و پێدانی مووچەکانیانە لە وادەی خۆیان.
دەقی یاداشتەکە:
یاداشتی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی ماوەی نۆ ساڵە لە خەباتێكی مەدەنی بەرفراوانداین بۆ گێڕانەوەی ماف و مووچە و شایستە داراییەكانمان
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی ئێمەیە ئەوەیە كە ئێوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی پەروردە زۆر بێباكانە مامەڵەتان لەگەڵ گرفت و مافەكانمان كردووە، لە كاتێكدا پرسی ماف و مووچە وەكو كێشەیەكی درێژخایەن لە ساڵی ٢٠١٤ وە تاوەكو ئێستا بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە.
لە دوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم له ٢٥ / ٣ / ٢٠٢٣ وە، بێ باكیتان زیاتر بووە و لە زۆر لێدوان و دیداری ڕۆژنامەوانی هەموو كێشەكانی پەیوەست بە مووچە و بوودجە دەگێڕنەوە بۆ حكومەتی عێراقی.
ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی له ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ پرۆسەی پەروەردە، جارێكی تر حكومەتی هەرێم دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی و بە نوسراوی فەرمی ئەو داواكارییانەی جێبەجێكردنیان لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمە دەخەینەوە بەردەستتان، بەو ئومێدەی بە زووترین كات جێبەجێبكرێن و پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە فەوتان ڕزگار بكرێت و بكەوێتە سەر ڕێگا دروستەكەی خۆی، چونكه دڵنیاتان دەكەینەوە تارێگەی ڕێگەی كردنەوەی دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن بریتیە لە بەدەمەوەهاتن و جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان،
كە بریتین لە:
١ــ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی.
٢ ــ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
٣ ــ دیاری كردنی چارەنوسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بەناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرج نەكراوەكان لەمووچەكانمان بڕاوە .
٤ــ پێدانی مووچە كە له ٣٠ ڕۆژ جارێك تێنەپەڕێت .
٥ــ حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقیدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن بانكە حكومیەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەشبكرێ.
لەكۆتاییدا، ئێمەخوازیاری چارەسەركردنی گرفتەكان و بەدەستهێنانی مافەكانمانین تاكو بتوانین پێكەوە پرۆسەیەكی پەروەردەی تەندروست بخەینەوە سەرپێ، بەپێچەوانەشەوە لەئەگەری وەڵام نەدانەوەمان هیچ ڕێگایەكیترمان لەبەردەمدا نیە جگە لە درێژەدان بە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكانمان و هەموو ڕێكارێكی مەدەنی دەگرینەبەر بۆ داكۆكی لەمافەكانمان و بەرپرسیارێتی و لێكەوتەكانی بایكۆت و مانەوەی دەرگاكانی خوێندن بەداخراوی بۆ وەرزی دووەم لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
22/12/2023
تێبینی/ ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، ئەنجومەنێكی فراوانی نێوان شارو شارۆچكەكانە لە پێناو هەماهەنگی و بڕیاری پێكەوەیدا لە ٢٠١٦ دامەزراوە و نوێنەرایەتی شاروشارۆچكەكانی (پارێزگای سلێمانی ، پارێزگای هەڵەبجە ، ئیدارەی ڕاپەڕین ، ئیدارەی گەرمیان ، قەزای كۆیە)دەكات