یەكەم بەشی ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بەرمیلی بە 50 هەزار دینار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بڕیاری لێداوە گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەم دوو ڕۆژەشدا بگاتە سلێمانی و دەست بە دابەشكردنی بكرێت.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بە 50 هەزار دینار بیدات بە هاووڵاتیانی هەرێم ئەمڕۆ یەكەم بەشی گەیشتۆتە هەولێر و بڕیارە بەیانی و دوو بەیانی بەشی سلێمانی-ش ڕەوانە بكرێت.
ڕاشیگەیاند، دوای گەیشتنی ئەو نەوتە، كە بڕەكەی دیاری كراوە و بۆ هەموو هەرێم 50 ملیۆن لیترە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت و بڕیارە بدرێت بە ناوچەكانی دەرەوەی شار، كە تا ئێستا نەوتیان پێ نەدراوە.
ئاشكراشی كرد، لە ناو شاری سلێمانی دابەشكردنی نەوت بەردەوامە و سبەینێ لە مەڵبەندی 8 نەوت دابەش دەكرێت.
بەپێی زانیارییەكان، تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان ٧٢ ملیۆن و ٣١٧ هەزار لیتر نەوت بە نزیکەی ٣٦٥ هەزار خێزان دراوە، كە بەرمیلی 200 لیتری بۆ ناوشار بە 103 هەزار و 500 دینار و بۆ دەرەوەی شار بە 104 هەزار و 500 دینار بووە.