داهاتی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ ئەوروپا نزمترین ئاستی شەش مانگی ڕابردووی تۆمارکرد کە گەیشتووەتە ١.٤ ملیار دۆلار و ١٠٪ی کەمیکردووە بەراورد بە ئاستی داهات لە مانگی ڕابردوودا.
داهاتی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا ١.٤ ملیار دۆلاربووە و ١٦١ ملیۆن دۆلار بەراورد بە داهاتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ کەمی کردووە کە گەیشتبووە ١.٥٧١ ملیار دۆلار.
داهاتی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو نزیکەی ٢.٠٤٥ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا داهاتی ئەیلوولی پێشوو نزیکەی ١.٥٤ ملیار دۆلاربووە. داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەوروپا لە ئابی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٢.١١ ملیار دۆلار بووە، لە کاتێکدا داهاتی مانگی حەوت نزیکەی ١.٦ ملیار دۆلار بوو.
لە هەمان کاتدا، بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا گەیشتە نزیکەی ١٨.٥ملیۆن بەرمیل و بەراورد بە هەناردەکردنی تشرینی دووەم کە گەیشتە نزیکەی ١٩.٥ ملیۆن بەرمیل.
هاوکات، بەگوێرەی ئامارەکان ئاستی هەناردەکردن لە تشرینی یەکەمی ڕابردوو، گەیشتە ٢٣ ملیۆن و ٨١٢ هەزار و ١٩٨ بەرمیل، هەروەها هەناردەکردن لە ئەیلوولی ٢٠٢٣دا گەیشتە نزیکەی ١٦ ملیۆن و ٥٦٨ هەزار و ٣١١ بەرمیل.