ئەندامێکی لیژنەی دارایی زانیاری نوێ دەربارەی ئەو پارەیە دەخاتەڕوو کە مانگانە حکومەتی عێراق بەمەبەستی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت و لەو بڕوایەشدایە کە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بکەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بەو پارەیەی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دەنێرێت بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاند، “چاوەڕوان دەکرێت هەتا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە حکومەتی عێراق مانگانە بڕێک پارە بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت، بێگومان لە ئێستاشدا کە یاسای بودجە هەموار نەکراوەتەوە چاوەڕوان دەکرێت ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێم بەردەوام بێت”.
ڕونیشیکردەوە کە پێشتر حکومەتی هەرێم بەڕەسمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ ماوەی 6 مانگ قەرزی پێبدرێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەی 3 مانگ بڕیاری لێدراو، 3 مانگەکەی دیکە بەڕەسمی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە.
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی ایسای بودجەش ڕایگەیاند، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا یاسای بودجە بێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام هەتا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ دەکرێت، پێدەچێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای مانگی 2 دا یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، لەو ماوەیەش کە هەمواری یاساکە پێویستی پێیەتی چاوەڕواندەکرێت حکومەتی عێراق قەرز بۆ هەرێم بنێرێت.
نەرمین مەعروف وتیشی: “ئەوەی بەلای ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردەوە گرنگە جیاکردنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە ئیلتزاماتەکانی حکومەتی هەرێم و وەک فەرمانبەرانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لەو روانگەیەشەوە تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەران جیابکرێتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، لە ئێستاشدا بۆچونێک هەیە کەدەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بخرێتە چوارچێوەی خەرجی (حاکیمە)، بەڵام ئەم پێشنیارە، پێشنیاری کۆتایی نییە و هەردوو حکومەتیش پێشنیاری خۆیانیان هەیە و دەقێکی جێگیر نییە کەهەردوو حکومەت لەسەری رێککەوتبن، بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران بکرێت”.