پارتی هۆكاری كەمبوونەوەی كورسییەكانی كورد لە هەڵبژاردندا ئاشكرادەكات



بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێی وایە، هۆكاری كەم بوونەوەی كورسییەكانی كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ “نەبوونی یەك لیستی” دەگەڕێتەوە و دەشڵێت: دەبێت لایەنە کوردییەکان هەموویان بەخۆیاندا بچنەوە.

ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی دیالەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، “ئێمە لە پێش هەڵبژاردنەکان پێشبینی ئەم ئەنجامەی هەڵبژاردنەکانی سنووری پارێزگای دیالە و خانەقینمان کردبوو، کە ئەگەری هەیە کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارەی کورسییەکانی لە 3 کورسیەوە کەم بکات بۆ 2 کورسی یان یەک، بۆیە داوای ئەوەمان کرد کورد بە یەک لیست بەشدار بێت، بەڵام بەداخەوە برایانی یەکێتی ئامادەنەبوون و وتییان بە یەک لیستی لەو کاتەدا ڕازی دەبین، کە لەکەرکوک و موسڵ-یش بە هەمان شێوە بە یەک لیست بەشدار بین، واتە یەک پاکێجە.”

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر یەک لیست بووینایە ئەو دەنگانەمان نەدەفەوتا، کە ئێمە وەک پارتی 8 هەزار دەنگمان فەوتا، هەروەها سۆسیالیست و لایەنەکانی تریش، دوای ئەوە دەبووە هاندەر کە خەڵکێکی زیاتر بچن بۆ دەنگدان، بەداخەوە خەڵک کەم چووە بۆ دەنگدان کە نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری کورد هەیە، بەڵام خەڵک تاقەتی ململانێی حزبی و فرە لیستی نییە.

وتیشی، “ئێمە وەک پارتی هیچ پۆستێکی ئیداریمان لەو ناوچانە نییە هەتا خزمەتمان بکردنایە، لەو شوێنانەی پۆستمان هەبووە خزمەتی خەڵکەکەیمان کردووە، بەڵام لە خانەقین و دیالە پۆستمان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە دەسەڵاتماندا هەبووە کەمتەرخەمیمان نەکردووە و خزمەتی خەڵکی خۆمانمان لەو ناوچانە کردووە، بە هەزاران مامۆستا و فەرمانبەرمان لەلای خۆمانەوە وەک پارتی دامەزراندووە، چەندین پڕۆژەی تر، کە حکومەتی هەرێم ئەنجامی داوە.”

جەختیشی كردۆتەوە، با کورد هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەشی نەبێت، بەڵام پێکهاتەیەکی گرنگی ناوچەکەیە و دەبێت لایەنەکانی پێکهێنەری ئیدارە بەرپرسیارێتی بدەنە کورد هەتا پێکەوە خزمەتی خەڵک بکەین، پێویستیشە کورد “پارتی و یەکێتی و لایەنەکان” لە دیالە و خانەقین و کەرکوک و نەینەوا ببینە هاوپەیمان ئێستاش نەچووە بچێت، دەبێت لەو ناوچانە کوردایەتی بکەین و لە بیری تەسکی حزبایەتی بێینە دەر.

دەشڵێت: وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی برایەتی درێژ دەکەین بۆ هەموو لایەنەکان، بە تایبەت لایەنە کوردییەکان هەتا بەهێزەوە بچینە ناو گفتگۆی پێکهێنانی ئیدارەی نوێی دیالە و خانەقین. بێگومان من نوێنەرایەتی سیاسەتی حزبەکەم دەکەم لەم ناوچەیە هەرچی لە بەرژەوەندی نەتەوە و خەڵک بێت، حزبەکەم ڕایسپاردووم ئەنجامی بدەم.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت لایەنە کوردییەکان هەموویان بەخۆیاندا بچنەوە و هۆکاری کەمکردنەوەی بزانن بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئێمە لای خۆمانەوە وەک پارتی بەنیازین بەخۆماندا بچینەوە و بزانین کەموکوڕی و خەلەلەکان لە کوێدا بووە؟ پێداچونەوە بە ڕێکخستنەکان و دەنگدەرانمان دەکەین و لە نزیکەوە دەیانیبینین، کە هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن بۆچی دەگەڕێتەوە؟ چونکە دەبێت دەنگدەر بزانێت کە دەنگی نەدا، پێش هەموو کەس خۆی زیان دەکات.

ڕاوێژكارێكی سودانی وردەكاری یاسای نوێی دادگای فیدڕاڵی ئاشكراكرد
پێت ڕاوێژكارێكی سودانی وردەكاری یاسای نوێی دادگای فیدڕاڵی ئاشكراكرد
ئاگر لە مۆڵێكی گەورەی هەولێر كەوتەوە
دوات ئاگر لە مۆڵێكی گەورەی هەولێر كەوتەوە
پەیوەنیدر