ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەستوور وردەكاری ڕەشنووسی یاسای نوێی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، چیتر ملکەچی فشاری هیچ لایەنێک نابێت.
حەسەن یاسری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستووری چەند ماددەیەکی ناو ڕەشنووسی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاند و وتی، “بە گوێرەی ڕەشنووسەکە، دیاریکردنی دادوەرەکان بۆ دادگای فیدڕاڵی تەنیا لە دەست دەسەڵاتی دادوەری دەبێت”.
ڕاشیگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەتوانن پێشنیازی دانانی ئەندامانی دادگاکە بکەن.
بە وتەی یاسری، “ئەو ڕەشنووسەی ئامادە دەکرێت بۆ پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی گەرەنتی سەربەخۆیی دادگاکە دەکات، کە چیتر ملکەچی فشاری هیچ لایەنێک نەبێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، دەرگا بەڕووی هەموو توانا یاساییەکانی عێراق دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ پێشنیاز بۆ لیژنەی دانانی ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بکەن