سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوەدایە و داواش لە حکومەتی عێراق بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوەدایە”. سەرۆکی پارتی بە پێویستیزانی کە “هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت”.
ڕاشیگەیاند ‘ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات”.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “لە ساڵی تازەدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە كە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت”.
وتیشی: “پەیامی گەلی كوردستانیش بۆ هەموو لایەك هەمیشە پەیامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و چارەسەری بووە و ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتن”.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هیواشی خواست، “2024 ساڵی كۆتاییهاتنی گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەمان بێت و ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و گشت ناوچەكەمان بێتە دی”.