هێزی یەكگرتووی پێشمەرگەی كوردستان، خەونێكی لە مێژینەی كوردانە، بەڵام هەرێمی كوردستان 30 ساڵ زیاترە نەیتوانیوە ئەو خەونە بەدیبێنێت، لەكاتێكدا وڵاتانی زلهێزی جیهانی بە پارە و مەشق و چەك ئامادەی دروستكردنی ئەو هێزەن، بەڵام لەناوخۆدا دەستێك دژایەتی دەكات، حیزبە باڵادەستەكانیش یەكدی تۆمەتبار دەكەن.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە هەرێم دابەشی چەند یەكەیەك بووە بەسەر حیزبە باڵادەستەكاندا، لەگەڵ چەند لیوایەكی هاوبەش، وڵاتانی زلهێزی جیهانی بەتایبەت ئەمریكایی و ئەوروپاییەكان چەند ساڵێكە بەتایبەت دوای جەنگی داعش هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و پێكهێنانی هێزێكی نوێ ڕاهێنراوی سەردەمیانەی سەربازی.
بەرای ڕەخنەگران تا ئێستا هێزی پێشمەرگە نەبووەتە، هێزێكی سەربازی سەردەمیانە، هەوڵەكانیش بۆ چاكسازیكردن تێیدا بەئەنجام نەگەیشتوون، حیزب و سەركردەكانی حیزب ڕۆڵیان لە ئاڕاستەكردنی پێشمەرگەدا هەیە.
شارەزایان دەڵێن، یەكەكانی پێشمەرگە رێنمایی لە لایەنی سیاسی وەردەگرن نەك لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئاڵوگۆڕی سەربازی و جیاوازی مووچە گشت كاروبارەكانی پێشمەرگە لە لایەن پارتەكانیانەوە دەدرێن، نەك لە وەزارەتی پێشمەرگە.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ یەكگرتنەوەی ئەو هێزانە، ڕزگار حەمەد محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەوە چوار ساڵ زیاترمان تێپەڕاند لەم خولی پەڕلەمانە، بەڵام هەنگاوێكی زۆر جدیمان بۆ یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبینی، هەردوو هێزی حەفتا و هەشتای یەكێتی و پارتی بەردەوامن.
بە بڕوای بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان، سەرەڕای بوونی ئەو هێزانە، بەردەوام هێزی نوێ دروست دەكرێن بە ناوی هێزی كۆماندۆ و دژە تیرۆر، ئەوە جێگەی نیگەرانییە، هاوپەیمانانیش زۆر جار گلەییان كردووە و خواستیان ئەوەیە هێزێكی نیشتیمانی هەبێت و لەسەر میلاكی وەزارەتی پێشمەرگە بێت و ئەوان مامەڵە لەگەڵ هێزی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ناكەن.
بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان باس لە ڕای هاوپەیمانان دەكات سەبارەت بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەڵێت، وەك لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمان كۆبوونەوەمان لەگەڵ هاوپەیمانان كردووە، ئاگاداریان كردوینەتەوە كە بە هەردوو حیزبی پارتی و یەكێتی بڵێین هێزەكانیان بكەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو وەزارەتە سەرپەرشتییان بكات، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەكراوە.
لەبارەی ژمارەی ئەو لیوایانەی خراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ڕزگار حەمەد، دەڵێت، تا ئێستا چوار لیوا، دوو لیوا لە هێزەكانی حەفتا و دوو لیوا لە هێزی هەشتا چوونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام تەواوی لیواكانی دیكە وەك و خۆیان ماونەتەوە و لە پاڵ ئەوانیشدا هێزی تر دروستدەكرێت لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەبڕوای بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان، سەرەڕای خانەنشین بوون و وازهێنانی ئارەزومەندانەی كەسانێكی زۆر لە پێشمەرگایەتی، بەڵام لیستی مووچەخۆران لە زیادبووندایە و دەڵێت، خەڵكانێك ئارەزوومەندانە واز دەهێنن یان خانەنشین دەكرێن یان كۆچی دوایی دەكەن، بەڵام هێشتا لیستی مووچەخۆران زیاد دەكات و لە 850 ملیارەوە بووە بە 900 ملیار، لەو لاشەوە ژمارەیەكی زۆر دەرچووی زانكۆ هەن و دانامەزرێندرێن، بەڵام دەبینین لیوای دیكە دروستدەكرێت و لە هێزە سەربازییەكان دامەزراندن زیاد دەكات.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لیژنەی پێشمەرگەی پەڕلەمانی كوردستان لەو دۆخە نیگەرانە، لە بەدواداچوونەكان و كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بێ وەڵام ماوینەتەوە و داواكارییەكانی لیژنەی پێشەمەرگە جێبەجێ ناكرێن، دەسەڵاتی حیزب لە پەڕلەمان و حكومەت بەهێزترە.
لەلایەكی دیكەوە شاندێكی هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا كۆبوونەتەوە، بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا شاندەكەی هاوپەیمانان داوایان لە پێشمەرگە كردووە، كێشەكانی ناو وەزارەت و هێزی پێشمەرگە چارەسەر بكەن، بەپێچەوانەوە ناتوانن لە هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن.