وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی یەكەكانی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەت.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر ڕاسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وەک دەرفەتێک و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتیان، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ دەکرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو ٢٠٢٤/٢/١ درێژکراوەتەوە، ئەمەش وەک هەلی زیاتر و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بەهەر هۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبووە فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.
ڕۆژی 8/8/2023، لە دوای تەواوکردنی رێکار و ئامادەکارییەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ڕێوەرەسمێکدا پڕۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی ئەلیكترۆنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان ڕاگەیاند، کە زیاتر لە 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و لەچوارچێوەی یاسای نیشتەجێبووندا دروستکراون، بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.