بوومەلەرزەیەكی بەهێز شارێكی لە باكووری كوردستان هەژاند و بەهۆیەوە بەشێكی هاوولاتیان لە شارەكانی دیكە هەستیان پێ كردووە.
ئاژانسی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا (ئافاد) بڵاویكردەوە، كاتژمێر 04:26خوولەكی عەسری ئەمڕۆ شەممە 30ی 12ی 2023، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 4.2 پلە بە پێوەری ڕێختەر و قوڵایی 9.36 كیلۆمەتر لە خارپێتی باكووری كوردستانی داوە.
ڕاشیگەیاندووە، “بوومەلەرزەكە لە ناوەندی پارێزگاكە بووە و دوای بوومەلەرزەكە خەڵك ڕژاونەتە سەر شەقامەكان”، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك سەبارەت بە زیانە ماددی و گیانییەكان نەزانراوه.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە 4ی سەرەتای ئەم مانگەشدا لە كاتژمێر 10:42 خولەك، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر شارۆچكەی گێملیكی سەر بە پارێزگای بۆرسەی توركیا هەژاند و لە هەردوو پارێزگای ئیستانبوڵ و بۆرسە هەستی پێكرا.