سەكردەیەكی نزیك لە نوری مالكی، ڕایدەگەیەنێت، کاندیدکردن بۆ پۆستی پارێزگار لە ناو خودی ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەبێت، دەشڵێت: دەستور و یاسا ڕێگە بە کاندیدکردن لە دەرەوەی ئەنجوومەنەوە دەدات.
لە 18ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ناوچە كوردستانیەكانیشەوە ئەنجام درا و دوای پەسەند كردنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەكە، لە ئێستادا دەرگای تانەلێدان لە ئەنجامەكان كراوەتەوە و دوای كۆتایی هاتنی تانەكان ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆدەبنەوە و سوێندی یاسایی دەخۆن و دواتر پارێزگار هەڵدەبژێردرێت.
جاسم محەمەد جەعفەر، سەركردەی باڵا لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، “دامەزراندنی پارێزگار هیچ سنووردارکردنی دەستووری و یاسایی نییە، بەڵکو بە کراوەیی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە ئەگەری هەیە دەنگ بە کەسێک بدات لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ئەو پۆستە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە دڵنیاییەوە دانانی پارێزگار لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە پەیوەستە بە کۆدەنگی سیاسییەوە، بەڵام داب و نەریتی باو ئەوەیە، کە پارێزگار لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەڵبژێردرێت.
ئەو سەركردەیەی نزیك لە مالكی وتیشی، “پێشتر هیچ پارێزگارێک لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە دانەنراوە”.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج شەممەی ڕابردوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی بۆ ساڵی 2023 ڕاگەیاند، هاوکات ناوی براوەکانی دیاریکرد.