وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دامەزراندنی وانەبێژان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە بەغدا پەسەند کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، رەزامەندییان داوە لەسەر بە هەمیشەیکردنی ٦٩٤ وانەبێژ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنووری بەغدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە تەنها ئەو وانەبێژانە دەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ گرێبەستیان بۆ کراوە.
لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە مامۆستایانی وانەبیژ داوای دامەزراندنی هەمیشەیی دەکەن، بەڵام بە بیانوی قەیرانەکانەوە تا ئێستا دانەمەزراون، و بڕیارە ساڵی ئایندە چارەنووسی ئەو مامۆستایانە لەگەل چارەسەرکردنی کێشەی مووچە یەکلایی بکرێتەوە.