لە سلێمانی نرخی نانی تیری و نانەوا و سەموون دیاری كرا



بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی دواین بڕیار بۆ نرخی نانی تیری و نانەوا و كێشی گونك ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، 10 نان دەبێت بە هەزار دینار و لە ساڵی نوێوە كاری پێ‌ دەكرێت بۆ ئەو سەموونخانە و نانەواخانانەی ئاردیان بە هەرزان پێ‌ دەدرێت.

دوابەدوای گران بوونی ئارد لە گەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ئۆكراینا، نرخی نان و سەموونیش گران بوو، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی ئارد و گەنم بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، تا ئێستا نرخ و كێشی نان وەك پێشتر ئاسایی نەبۆتەوە، كە 8 نان بە كێشی 130 گرام بە هەزار دینار بوو.

لە ئێستادا ئەو شوێنانەی 6 نان “سەموون” دەدەن بە هەزار دینار کێشی گونکەکانیان 130 بۆ 135 گرامە و ئەو شوێنانەی 8 نان “سەموون” دەدەن بە هەزار دینار هەر گونکێکیان 90 بۆ 100 گرامە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، دوای بڕیارەکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم بۆ دابەزاندنی نرخی ئاردی دابینکراوی نانەواخانە و سەموونخانەكان، بڕیاریش دراوە لە سەرەتای ساڵی نوێوە نرخی 10 نان بكرێت بە هەزار دینار.

لای خۆشیەوە، بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە وەکالەت ڕایگەیاندووە، لە ساڵی نوێدا سەرجەم نانەواخانە و سەموونخانەکان پابەند دەکرێن بە هەرزانکردنی نرخ، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر کێشی گونكەكەی نەدراوە.

وتوشیەتی، “نووسراومان لە وەزارەتی بازرگانییەوە پێگەیشتوە، ئارد لە دوو کۆمپانیاوە دابین دەکرێت بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، بە دوو هەزار دینار کەمتر لە نرخی بازاڕ، بە مەرجێک 10 نان بدەن بە هەزار دینار”.

جەختیشی كردۆتەوە، کارگەکانی نانی تیری دەبێت لە ساڵی نوێوە هەر گونکێک کێشەکەی 175 گرام بێت و سەرجەم کارگەکان 25 نان بدەن بە 8 هەزار دینار.

پێشتریش ڕێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە بەشێكی زۆر لە نانەواخانەوە و فڕنەكانی سەموون (8 نان یان سەموون) كراوەتەوە بە هەزار دینار، بەڵام هەندێكی دیكە ماوە.

وتیشی، “لە ڕێگەی ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەكانەوە داوا لە قائیمقامیەتی سلێمانی دەكەین، لە ڕێگەی بڕیارێكەوە، 8 نان و سەمون بە فەرمی بكرێتەوە بە هەزار دینار بەهەمان كێش و كوالێتی جاران”.

 

لی سۆن کیون بە مردوویی دۆزرایەوە
پێشت لی سۆن کیون بە مردوویی دۆزرایەوە
سودانی لیژنەیەکی بۆ ڕەشنووسی دادگای باڵای فیدڕاڵی پێکهێنا
دواتر سودانی لیژنەیەکی بۆ ڕەشنووسی دادگای باڵای فیدڕاڵی پێکهێنا
پەیوەندیدار