لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بەردەوامە لە دابەزین، بەڵام بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە نرخێکی بەرزدا جێگیربووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بەنزین بە “ئارەزوو”ی چەند کەسێکە نەک بەرژەوەندی هاووڵاتیان.
نەوت لە کاتی بەرزترین نرخیدا بە نزیکی ١٣٠ دۆلار بوو، ئەو کاتە خاوەن بەنزینخانەکان بەبیانووی گرانبوونی نەوتی جیهان وتیان بەنزینیش گران بووە، لەبەر ئەوەی بەنزینەکە بازرگانییە و پەیوەندی بە نرخی جیهانیەوە هەیە.
ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ٧٩.٣٨دۆلارە، نەوتی هەرێمی کوردستان بە ٩ دۆلار کەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە ٨ مانگە نرخی بەنزین لە ٩٠٠ دینار نەهاتووەتە خوارەوە، لەکاتێکدا پێشتر بە ٤٥٠ دینار بووە، ئێستاش هەرچەندە نرخی نەوت دابەزیووە، بەڵام بەنزین هەر لە نرخێکی بەرزدا بە جێگیری ماوەتەوە.
کەریم عەلی، ئەندامی لیژنەی سامانەسروشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئەوەی خستەڕوو، نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە نرخی جیهانەوە نییە، بەڵکو مامەڵەی سوتەمەنی تەنها لە بەرژەوەندی کۆمەڵێک بازرگان و سەرمایەدارە، بە نامەیەک نرخەکە گران دەکرێت.
ئەو پێی وایە بازاڕی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان “زۆر سەیروسەمەرەیە”، لە کاتێکدا لە عێراق و سوریا سەرباری هەموو ناسەقامگیرییەکان نرخی بەنزین و نەوت جێگیرە، ئەگەر نەوت بە ١٠ دۆلار و بە ٢٠٠ دۆلاریش بێت، گۆڕانکاری لە نرخی بەنزیندا نایەت، لە عێراق کار بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەکرێت، بەڵام لێرە گیرفانی کۆمپانیا و کۆمەڵێک کەس لە پێش بەرژەوەندی هاووڵاتیانەوەیەوە.
کەریم عەلی ئاماژە بۆ بەهەدەردانی داهاتێکی زۆر بە ناوی پاڵپشتیکردنی نرخەوە دەکات، کە مانگانە ٣١ ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزین لە هەزار و ٢٠٠ دینارەوە بۆ ٦٩٠ دینار کرد، بەڵام ئێستا بەنزین بە ٩٥٠ دینارە، ئەمەش بەهەدەردانێکی تەواوە بە ناوی پاڵپشتیکردنی نرخەوە.
نایشارێتەوە، کە چەندین چار بەدوادچوونیان بۆ ئەم بابەتە کردووە، بەڵام هیچ لایەنێک وەڵامیان ناداتەوە و حکومەت خۆشی هیچ چاودێرێکی بەسەر نرخی بەنزین و نەوتەوە نییە، ئەم جیاوازی نرخەشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو نایاساییە.