حاكم قادر ڕایدەگەیەنێت، كوردستان و عێراق وڵاتی پێكەوەژیان و ئاشتیی و بۆچوونە جیاواز و ئاینە جیاوازەكان بووە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە و دەشڵێت: پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت.
حاكم قادر حەمەجان بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح، سەردانی كەنیسەی ماریوسفی كلدانی و مریەم عەزرای لە شاری سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، “هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە هۆی ئاشتی و تەبایی و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا و ساڵی نوێش سەرەتایی كۆتایی هاتنی قەیرانە كەڵەكەبووەكان بێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بە درێژایی مێژوو، كوردستان و عێراق وڵاتی پێكەوەژیان و ئاشتیی و بۆچوونە جیاواز و ئاینە جیاوازەكان بووە و هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە و ناكرێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا بۆچوون و مافەكانیان پێشێل بكرێت.
وتیشی، “پێویستە پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێم و عێراق نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت، كە گوزارشتی ڕاستەقینە لە خواست و داواكارییەكانیان بكات و بەرگریكاری مافەكانیان بێت”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە 11 كورسی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا كێشەیەكی نێوان یەكێتی و پارتییە بۆ هەڵبژاردن و هەر لەسەر ئەوەش یەكێتی لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵای تۆماركردووە.