به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆی عێراق سیستمی غەرامەی شۆفێران له‌ڕێگه‌ی كامێرای زیره‌كی ئۆتۆمبێله‌وه جەخاتەكار جەختیشدەكاتەوە، له‌چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا كامێرا‌كان ده‌خرێنه‌كار و غەرامەی بەكارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتیش تۆمار دەكات.
عه‌مید زیاد قه‌یسی، وته‌بێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی عێراق ڕایگه‌یاندووە، پرسی كامێرای زیره‌ك له چوارڕێیانه‌كاندا هێشتا له تاقیكردنه‌وه‌دایه و تا ئێستاش هیچ پێبژاردنێك بۆ شۆفێرانی سه‌رپێچیكار تۆمار نه‌كراوه.
وتیشی، “له‌ڕێگه‌ی كامێراكانه‌وه سه‌رپێچی هاتووچۆ تۆمار ده‌كرێت، كە بریتین لە (نه‌به‌ستنی پشتێنی سه‌لامه‌تی بۆ شۆفێر و سه‌رنشینی ته‌نیشتی، تێپه‌ڕاندن به‌لای ڕاست، په‌كخستنی هاتووچۆ، به‌كارهێنانی مۆبایل و پابه‌ندنه‌بون به هێماكان و لێخوڕینی ئۆتۆمبێل به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه) و غەرامەكەشیان دیاری كراوە”.
ڕاشیگەیاندووە، كامێرا زیره‌كه‌كان دوای ته‌واوبوونیان له سه‌رجه‌م چوارڕێیانه‌كاندا كارا ده‌كرێن، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا به‌فه‌رمی بخرێنه‌كار.
ئاشكراشی كرد، له‌ئێستادا كارده‌كه‌ن بۆ به‌ستنه‌وه‌ی پلاتفۆرمی غه‌رامه به ماڵپه‌ڕی ئور، به‌مشێوه‌یه له ئه‌گه‌ری سه‌رپێچیكردن له ڕێگه‌ی نامه‌ی مۆبایله‌وه شۆفێری سه‌رپێچیكار له‌بڕی پێبژاردنه‌كه‌ی ئاگادارده‌كرێته‌وه.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە سیستمی ناردنی نامەی غەرامە بۆ مۆبایلی شۆفێران خراوەتەكار و هاوكات لەمساڵیشدا كامێرای (خاڵ بۆ خاڵ) لە بەشێكی شەقامە سەرەكییەكانی دەرەوەی شارەكان دانراون.