ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، لەمانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٣ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە و داهاتەکەشی زیاتر بووە لە هەشت ملیار و ٤٨١ ملیۆن دۆلار.
لە راپۆرتێکدا کە لەبارەی ئامارەکانی کۆتایی مانگی تشرینی دووەم خراوەتەڕوو هاتووە، بڕی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق گەیشتووەتە ١٠٢ ملیۆن و ٩٧٥ هەزار و ٧٨٢ بەرمیل و کۆی گشتی ئەو داهاتەش لەو بڕە نەوتە دەستکەوتووە و گەیشتووەتە هەشت ملیار و ٤٨١ ملیۆن و ٥٥٨ هەزار دۆلار.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، قەبارەی هەناردەی نەوتی خاو بۆمانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە گەیشتووەتە ١٠١ ملیۆن و ٧٦٤ هەزار و ٦٢٠ بەرمیل کە لە کێڵگەی نەوتی گیارە یەک ملیۆن و ٣٨ هەزار و ٧٧٩ بەرمیل بەرهەمهاتووە و بڕی ئەو نەوتەی بە ئوردن فرۆشراوە گەیشتووەتە ١٧٢ هەزرا و ٣٨٣ بەرمیل.
لەڕاپۆرتەکەی وەزارەتی نەوتدا جەخت لەوەشکراوەتەوە، بەڕێژەیی نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٨٢ دۆلار و ٣٦ سەنت فرۆشراوە.