شارەزایەكی كەشناسی هۆشداری دروست بوونی تەم دەدات و داوا لە شۆفێران دەكات، بە وریاییەوە شۆفێری بكەن و دەشڵێت: “سبەینێ دوای نیوەڕۆ كەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەچێت”.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، باران و بەفر بە بڕی جیا جیا بەردەوامی دەبێت لە بەشێکی بەرچاوی کوردستان بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، دواتر لە نیوەڕۆی سبەی دوو شەممەوە کەش بەرەو سەقامگیر بوون دەڕوات و ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە ناوچەکانمان بە جێدەهێڵێت و کاریگەری نامێنێت.
دەشڵێت: “هۆشداری دورست بوونی تەم لە بەشێک لە ناوچەکان دەدەم دوای کۆتایی هاتنی ئەم شەپۆلە بەتایبەت سبەی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر باریوە شێیەکی زۆر بوونی هەیە لە زەوی و ئاستی نزمی کەشدا، بۆیە ئەگەری دروست بوونی تەمومژ لە ئارادا دەبێت بۆ زۆرێک لە ناوچەکان .
ئەو شارەزایەی كەشناسی هۆشداری دەداتە شۆفێران، “لە کاتی تەمومژدا ئاگاداری خێرایی و پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن، بۆ ئەوەی هەموو لایەک دوربن لە زیانی نەخوزراو”.