پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان ڕایدەگەیەنێت، ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لەو ڤایرۆسە باوانەی ڕێڕەوی هەناسە، کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات و دەشڵێت، باشترە منداڵان بپارێزین لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە ئەوەش لە ڕێگەی (پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ و ماچ نەکردن و دەست لێ نەدانی منداڵی بچووک) لەلایەن کەسانی نەخۆش.
دکتۆر سۆران سابر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە نووسینێکدا ئاماژە بە جۆری ئەو ڤایرۆسەی، لە ئێستادا لەناو منداڵاندا بڵاوە و ڕایگەیاندووە، ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لەو ڤایرۆسە باوانەی ڕێڕەوی هەناسە، کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا (التهاب قصبات) دەکات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە وەرزی زستان زیاترە بە تایبەتی لە مانگی ١٢ و ١ دەگاتە لوتکە و نەخۆشخانەکان پڕ دەبن لە منداڵی تووشبوو بەو ڤایرۆسە بە تایبەتی ئەوانەی لە خوار تەمەنی دوو ساڵەوەن و بەهۆیەوە ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار منداڵ لە جیهان گیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن بۆ پێدانی ئۆکسجین و چارەسەری پێویست.
نیشانەکانی سەرەتا بریتین لە: کۆکە، پەسیو، پژمین و تا، بەڵام هەندێک جار دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی و سیخەی سنگ، كە 3 بۆ 7 ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر کۆخەکەی بەردەوام بێت.
دەشڵێت: “ئەو منداڵانەی تەمەنیان زۆر بچوکە یان بە ناکامی لەدایکبوون، هەروەها ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سنگیان هەیە و ئەوانەی بەرگرییان لاوازە لەوانەیە دووچاری مەترسی ببنەوە و نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بە تایبەتی لە ڕێگەی کۆکین و پژمین دەستلێدان لەو شوێنانەی، کە ڤایرۆسەکەی پێوەیە بۆیە زوو بڵاودەبێتەوە.
ئەو پزیشكە نووسیویەتی، باشترە منداڵان بپارێزین لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە ئەوەش لە ڕێگەی گرنگیدان بە (پاکوخاوێنی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ و ماچ نەکردن و دەست لێ نەدانی منداڵی بچوک ) لەلایەن کەسانی نەخۆش”.
سەردانی پزیشکی پسپۆر یان نەخۆشخانە بکەن لە کاتانەدا:
یەکەم– کاتێک منداڵەکەت زۆر بچوکە و نەخۆشە
دووەم– تای زۆر بەرز بێت
سێیەم– تەنگەنەفەس بێت و سیخەی سنگی بێت
چوارەم– نەخواردنی شیر و خواردن
پێنجەم– ناڕەحەتی یان نەتوانێ بخەوێت
شەشەم– ڕشانەوە و وشکبوون و بێهێزی
ئەو پزیشكە جەختیشی كردۆتەوە، ئەو ڤایرۆسە پێویستی بە دەرمانی دژە هەوكردن واتە (ئەنتی بایۆتیک) نییە، بەڵکو زۆربەی جار خۆی چاک دەبێتەوە، بەڵام لەکاتی هەناسە تەنگی پێویستی بە ئۆکسجین دەبێت.