بەرێوەبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری سەرجەم ئەو شۆفێرانە دەکات کە رێیان دەکەوێتە سەرشەقامی سەرەکی سەر پردی تاسڵوجە بەرەو ئاراستەی شاڕێی تاسڵوجە – سلێمانی، بە ووریاییەوە لەو جێگایە شۆفێری بکەن .
هاتووچۆی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، بەھۆی داڕمان وھەرەسی بەشێک لەو گردەی تەنیشت شەقامەکە کە پێشتر کاری بڕین و داتاشینی وەک بەشێک لەکاری شەقامی 100مەتری بۆکراوەو بەھۆی کاریگەری باران بارین مەترسی هەرەسهێنانی گردەکە درووست بووە ، گەرچی ئەو ھەرەسە نەگەیشتۆتە سەر شەقامەکە و نەبووەتە بەربەست کردنی، بەڵام باشتر وایە شۆفێران زیاتر بەئاگابن.
بەهۆی باران بارینی زۆری چەند رۆژی رابردوو، ڕۆژی شەممە بەشێک لەو گردەی کە دەکەوێتە تەنیشت شەقامی سەرەکی تاسڵوجە سلێمانی، هەرەسی هێنا و مەترسی کەوتنی تاوەرەکانی کارەبای دروستکرد، تیمەکان سەرقاڵی چارەسەرکردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و شۆفێران بەدووربن لە زیان.