حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لاوەکی لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕاوێژکارانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێکهێنا بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران، لیژنەیەکی لاوەکی لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و ڕاوێژکارانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێکهێنرا بۆ داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بە جۆرێك کە قەیرانی مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
ڕوونیشیکردەوە کە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دوو بابەت لەخۆدەگرێت، یەکەمیان گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە لە خەرجی ڕاستەقینەوە بۆ سەر خەرجی حاکیمە، دووەمیشیان پەیوەستە بە خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
جەمال کۆچەر ڕاشیگەیاند، هەموارەکە لەسەر بودجەی 2023 ئەنجام دەدرێت، چونکە تا ئێستا بودجەی 2024 نەگەیشتووەتە پەرلەمان، هەرکاتێکیش یاساکە بۆ ئەمساڵ هەموار کرا، لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووشدا جێگیر دەکرێت.
ئاماژەشیدا بەوەی پێدەچێت لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆبێتەوە.