مامۆستایان بۆ بایكۆتی وەرزی دووەمی خوێندن بڕیاریان دا



دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر سووربوونی خۆیان لەسەر بەردەوامی بایكۆت ڕادەگەیەنن و دەشڵێن: ” لەئەگەری وەڵام نەدانەوەی حكومەت و بەردەوامبوونیان لەم بێدەنگی و خەم ساردیە لە وەرزی دووەمدا توندتر و گەرم و گوڕتر دەگەڕێینەوە سەر شەقام”.

دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ (١٠٠) ڕۆژ تێپەڕی بەسەر خەباتی مەدەنی و بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە و لەبری وەڵامدانەوەمان ئەوەتا ڕۆژ بەڕۆژ ناوی تازە بۆ دزینی مووچەكانمان دەدۆزنەوە.

ڕاشیگەیاندووە، بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە بایكۆتكردنی ناوەندەكانی خوێندن و فراوانكردن چالاكیە مەدەنیەكان و دەربڕینی ناڕەزایەتیەكانمان و دەشڵێت: “لەئەگەری وەڵام نەدانەوەی حكومەت و بەردەوامبوونیان لەم بێدەنگی و خەمساردیە لە وەرزی دووەمدا توندتر و گەرم و گوڕتر دەگەڕێینەوە سەر شەقام و شەقام دەكەینە ناوەندی پەروەردەكردنی كرداری بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەروەردەی مۆڕاڵ و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیان پێدەڵێین”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر
بەڕێز و بە هەڵوێست، سڵاوی بوێری و خۆڕاگریتان لێبێت

خۆتان دەزانن ئەمڕۆ (١٠٠) ڕۆژ تێپەڕی بەسەر خەباتی مەدەنی و بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لەپێناو جێ بەجێكردنی داواكارییە ڕەواكانمان و داكۆكیكردن لە مافی خوراو و موچەی دزراوی مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگە، بەڵام تاوەكو ئێستا دەسەڵاتی بێباك و خەمساردی هەرێم هیچ وەڵامێكی بۆ داواكانمان نەبووەو بەڵكو لەبری وەڵامدانەوەمان ئەوەتا ڕۆژ بەڕۆژ ناوی تازە بۆ دزینی مووچەكانمان دەدۆزنەوە و ئەمساڵیش لەبری هەوڵدان بۆ سەرپێ خستنەوەی پڕۆسەی پەروەردە دوای تێپەڕینی وەرزێكی خوێندن بەتەواوی هاتن بەناوی (شایستەی دارایی خەرجنەكراو )!مووچەی سێ مانگی ئەمساڵمانیان خستە سەر خەرمانی دزییەكانیان …

لەبەر ئەوە ئێمە وەك دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوە ڕایدەگەیەنین: كە بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە بایكۆتكردنی ناوەندەكانی خوێندن و فراوانكردن چالاكیە مەدەنیەكان و دەربڕینی ناڕەزایەتیەكانمان، لەئەگەری وەڵام نەدانەوەی حكومەت و بەردەوامبوونیان لەم بێدەنگی و خەم ساردیە لە وەرزی دووەمدا توندتر و گەرم و گوڕتر دەگەڕێینەوە سەر شەقام و شەقام دەكەینە ناوەندی پەروەردەكردنی كرداری بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەروەردەی مۆڕاڵ و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیان پێدەڵێین،
وە لێرەوە ڕایدەگەیەنین بە هاماهەنگی لەگەڵ هاو پیشە و برایانمان لە سەرجەم ناوچەكانی تر پلانی جیاوازمان هەیە بۆ توندكردنی فشارەكانمان بۆسەر دەسەڵات بە ڕێگاو شێوازی خەباتی مەدەنی جۆراو جۆر و جیاواز كە لە داهاتودا و لەسەرەتا و دەستپێكی وەرزی دووەمدا دەسەڵاتدارانی پێ شۆك دەكەین.

وە لە ئێستادا و بەهۆی تەواو بوونی وەرزێكی خوێندن و وەستانی چالاكیەكانی شەقام لە سەرجەم ناوچەكانی بایكۆت و وەك پێدانی دەرفەتێكی زەمەنی دیاریكراو بە دەسەڵات، ئێمەش چالاكیەكانی شەقاممان هەڵپەسارد تا سەرەتای وەرزی دووەم و ساڵی تازە، بەڵام لەئەگەری هەر هەوڵێكی دەسەڵات بۆ فشار خستنەسەر مامۆستایان و شكاندنی بایكۆت لەم ماوەیەدا بەبێ دەستكەوت ڕاستەوخۆ دێینەوە سەر شەقام و بەچالاكی بەرفراوان وەڵامیان دەدەینەوە.

لەكۆتایدا دەڵێین بەردەوامی و خۆڕاگری و كۆڵنەدان زامنی بەدیهێنانی ئامانج و داواكاریەكانمانن بۆیە دەڵێین بەپشتیوانی ئێوەی بوێر و ماندوو نەناس بایكۆت بەردەوامە و بەردەوام دەبێت و ئێمە جگە لە وەڵامدانەوەی داواكاریەكانمان هیچ شتێكی تر نامان باتەوە ناوەندەكان خوێندن و بەهیچ جۆرێك سازش لەسەر مافەكانمان ناكاین و تا دوا هەنگاو لەپێناویاندا دەجەنگیین…

دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر
شەممە ٢٠٢٣/١٢/٢٣

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر گه‌نجەكەی كەركوك ده‌ستگیركرا
پێت یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی هێرشیان كرده‌ سه‌ر گه‌نجەكەی كەركوك ده‌ستگیركرا
“سودانی مووچەی یانەی وەرزشی هەولێر خەرج دەكات”
دوات “سودانی مووچەی یانەی وەرزشی هەولێر خەرج دەكات”
پەیوەنیدر