وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لیژنەیەكی باڵا پێكهاتووە و كار لەسەر نووسینی پڕۆژە یاسایەك بۆ لێبوردنی گشتی دەكرێت.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەس، خولی ڕاهێنانی جیاوازمان کردۆتەوە لە پیشە جیاوازەکاندا و ئێستاش خولی شۆڤاژ و سۆنەر دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن بتوانن هەلی کار مسۆگەر بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، لە کۆی ئەو پێنج هەزار و 66 کەسەی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، بەشداریان لە خولی ڕاهێنانەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە 35%یان ئێستا خاوەنی کاری خۆیانن.
لەبارەی لێبوردنی گشتی بۆ زیندانیان، کوێستان محەمەد وتی، “لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە، کە نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی کار و نوێنەری لیژنەی کۆمەڵایەتی پەرلەمانی تێدان و پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکەن و لێبوردنێکی گشتی دەردەچێت”.