مەفرەزەكانی نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد، كە بڕی 90 هەزار دۆلار (9 دەفتەر دۆلار)ی دزیبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای تۆماركردنی سكاڵایەكی یاسایی لەلایەن هاووڵاتییەكەوە، كە بڕی 90 هەزار دۆلاری لەناو ئوتۆمبێلەكەیدا لێ دزرابوو، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاڕی بەڕێز دادوەر، توانرا لەناو ماڵێكدا لەشاری سلێمانی پارەكە بدۆزرێتەوە و دەستی بەسەردا بگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامبوو بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرەنجام توانرا شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بكرێت، كە هەڵاتبوو بۆ شاری كەركوك، مەفرەزەكانی نوسینگەی ڕۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی كەركوك توانیان تۆمەتبار دەستگیربكەن.
جەختیشی كردۆتەوە، تۆمەتبار (ز، م، ع) 1987 دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاڕی دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادان ڕاگیراوە، هەروەها تۆمەتبار لەچەند نووسینگەیەكی تری نەهێشتنی تاوان و بەتۆمەتی دزیكردن و بەپێی ماددەی 446 داواكراو بووە.