سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی جیابكرێتەوە مانگانە مووچە بەپێی یاسای بودجە ڕەوانە دەکرێت و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی-ش دەڵێت: “لیژنەیەك لە ڕاوێژكارانی سودانی و لیژنەی دارایی و شاندی هەرێم سەرقاڵی هەمواری بودجەن و پێموایە کێشەی مووچە لە ساڵی داهاتوودا چارەسەر دەبێت”.
بەهۆی بوونی وشەی “خەرجی كرداری” لە بودجەی عێراقدا، تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان پشكی بودجەی خۆی بۆ ڕەوانە نەكراوە و مانگانە بڕێك پارەی وەك قەرز پێ دراوە، كە دواهەمینیان 3 بڕی 700 ملیار دیناری بوو، كە بۆ مووچەی مانگەكانی 7 و 8 و 9ی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج كرا.
د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە زۆر پێویستە و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دانوستانی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە کردووە و پێویستە مووچەی خەڵکی ھەرێم لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە، بۆ نموونە بچێتە سەر بودجەی گشتی، چونکە گرێدانی مووچە بە ئینفاقی فعلی دروست نییە و ئەگەر جیابکرێتەوە ئەو کات مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای بودجە ڕەوانە دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، پێشنیارکراوە لیژنەیەک پێکبێت بۆ ھەموارکردنەوەی بودجە بە بەشداری ژمارەیەک ڕاوێژکاری حکومەت و پەرلەمانتاران، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبێت، ھەنگاوێکی گرنگە بودجە ھەموار بکرێتەوە، چونکە پێویستە وشەی “ئینفاقی فعلی” نەمینێت و لەسەر بودجەی عێراق ھەژمار بکرێت.
باسی لەوەشکرد، دوای پشووی پەرلەمان ئەولەویەتی کارمان بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە دانوستانەکانی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و لەو ماوەیە کۆبوونەوەی زیاتر دەکرێت، بەھۆی ھەڵبژاردنەوە ھەندێک دانوستان بەسستی بەڕێوە دەچوون، بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی لەساڵی نوێ پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە ڕەوانە بکرێت.
وتیشی، “پێویستە جگە لەوەش خەرجی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان زیاتر بکرێت بە پێی شوێنی جوگرافی بەھۆی ئەوەی ڕێژەیەکی کەم دانراوە و پێویستە بۆ زیاتر لە ٢٥ دۆلار زیاتر بکرێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان دەرھێنانی نەوت بەزەحمەتە و پێویستە ھاوشێوەی ھەندێک لە پارێزگاکان خەرجی دەرھێنان بەپێی شوێنی جوگرافی بۆ زیاتر لە ٢٥ دۆلار بەرزبکرێتەوە”.
لای خۆشیەوە، د.جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتویەتی، “لیژنەیەک لە ڕاویژکارانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و شاندی دانووستانکاری هەرێم پێکهاتوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کێشەی نەوت”.
وتوشیەتی، “لیژنەکە کار لەسەر دوو بڕگەی یاسای بودجە دەکات، یەکەمیان هەمواری یاسای بودجە و جیاکردنەوەی خەرجی فعلی و دووەمیان، گۆڕانکاری لەسەر تێچووی نەوت لە 6 دۆلارەوە بۆ ئەو ژمارەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق دیاری دەکات”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە ئێستادا لیژنەکە سەرقاڵی کارەکانیانن و پێموایە کێشەی مووچە لە ساڵی داهاتوودا چارەسەر بکەن.”
ئەمە لەكاتێكدایە، كە تاوەكو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی (10 و 11 و 12)ی ئەمساڵیان بۆ خەرج نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش لە بەیاننامەی كۆبوونەوەی ڕۆژی چوار شەممەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیراندا جەختی لەوەكردەوە، كە هەموو پابەندییەكانی سەرشانی جێبەجێ كردووە، بەڵام حكومەتی عێراق پشكی بودجەی بۆ نەناردووە و مووچەی ئەو مانگانەی نەدراون لە ئەستۆی حكومەتی فیدڕاڵییە.