دادگای کەرکووك سزای زیندانی بۆ 10 ئەندامی حزبی بەعس دەرکرد و ئەو کەسەش کە لە بەردەم پارێزگادا ستایشی سەدام حسێنی دەرکرد، دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ هەینی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، کەسێکیان لە کەرکووك دەستگیرکرد کە لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا لە بەردەم پارێزگای کەرکووك دەردەکەوێت و ستایشی سەدام حسێن دەکات و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا وێنەکەیان بەرزکردووەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە هەر لەو چوارچیێوەیەدا دادگای تاوانەکانی کەرکووك سزای پێنج ساڵ زیندانیی بۆ 10 ئەندامی حزبی بەعس دەرکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەیان بۆ بەعس کردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان نابوو بەوەی ئەندامی حزبی بەعسن.