وەزیری پێشووی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری ناوچە دابڕێندراوەکان دەڵێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق نیشانەی “مەترسی گەورەن” لەسەر ناسنامەی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و ناوچەکانی تری ناسراو بە جێناکۆك و دەشڵێت: پارتی و یەکێتی خەڵکیان بی ئومید کردووە.
محەممەد ئیحسان، کە پێشتر لەسەر پشکی پارتی وەزیری هەرێم بووبۆ کاروباری ناوچە دابڕێندراوەکان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە منی زۆر ڕەشبین كردووە…ئەگەر لەماوەی ئایندەدا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێن و ژمارەی دەنگ و پێگەی كورد بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوە دەبێتە شكستێكی مەزن بۆ كورد لەو ناوچانە چونكە لەساڵانی پێشووتردا ژمارەی دەنگ و پێگەی كورد بەهێزتربوون.”
وتیشی: یەکنەبوونی حزبە کوردییەکان زیانی بە پێگەی کورد گەیاندووە و ئەوان دەبێت بەپەلە هەوڵی گۆڕانکاری لە شێوەی کارکردنیان لەو ناوچانە بدەن، “چونکە تەنها پشتبەستن بە هاندانی نەتەوەیی تاسەر سودی نابێت.”
وەزیری پێشووی حکومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی کورسییەکانی کوردی لە ناوچەکە بە “باش” وەسفکرد، بەڵام وتی ڕێژەی بەشداری کورد لە ناوچەکە مەترسیدارە و هۆکارەکەی گێرایەوە بۆ مامەڵەی بەرپرسانی حزبە کوردییەکان لەو ناوچانە، بەوەی بەربژێری شارەزایان دیارینەکردووە. ئەمە جگە لەوەی ناكۆكی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی خەڵكی نائومێد کردووە و ڕێژەی بەشداری ئێزیدییەکانیش لە کەمپەکان کەمبووە.
محەممەد ئیحسان ڕایگەیاند، “پێویستە هەر حزبێک لای خۆی پێداچوونەوە بکات، سەرنج بخاتە سەر خاڵە لاوازەکان نەک خاڵە بەهێزەکان، ئەمە بۆ هەموو حزبەکانە بەبێ موجامەلە. ئێمە نە لە موسڵ و نە لە کەرکوک دەنگی باشمان نەهێناوە.”
ئەوەشی خستەڕوو كە بوونی هێزی چەكداری سەربە حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و بەشداری ئەوان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كاریگەرییەكی بەرچاوی كردووەتە سەر ئایندەی كورد و بووەتە مەترسییەك بۆ پاشەڕۆژی كورد لە دەشتی نەینەوا.
محەممەد ئیحسان دەڵێت، “حکومەتی عێراق هەمیشە یاری کات لەگەڵ کورد دەکات. کاتێک، ئێستا، لەو ناوچانە دەستەڵاتی عەسکەر هەبێت و حەشدی شەعبی هەبێت و تۆ هیچ دەسەڵاتێکت نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەوە خەڵکە، لە کۆتاییدا خەڵکی ئەو ناوچانە پێویستییان بە دەستەڵات دەبێت، ئەو هێزانە پاڵەپەستۆ و لێپێچینەوە و پارەیان هەیە بەرامبەر بە خەڵکەکە، لەگەڵ ئەمانەشدا لایەنی تۆ کەموکورتی هەیە، ئامەنە هەمووی بێگومان کاریگەری دروستدەکەن لەسەر ئەنجامەکان.”