بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان، نوسراوێکی ئاراستهی بەڕێوەبەرایەتییه گشتییهكانی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین کردوە، كه تیایدا شێوازی مامەڵەکردنی تاقیکردنەوە و نمرهكانی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ئەو پەروەردانە دیاری دەکات.
نوسراوهكهی وهزارهتی پهروهرده ئهمڕۆ پێنجشەممە، بەژمارە (15122) واژۆ کراوە، تیایدا هاتوه: ئەو خوێندكار و قوتابییانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز نمرهكانیان (10-20-10)ـیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر (60) نمرە ئەنجام بدەن.
وەزارەت روونیکردۆتەوە، ئەو خوێندنگایانهی تاقیکردنەوەی نوسینەکی (20) نمرەییان ئەنجامنەداوە، بهڵام نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی لەسەر (80) نمره ئەنجام بدەن و بەم جۆره تۆماری بکەن:
أ- نمرەی بەدەستهاتو لە (80) نمرە دابەشی (4) بکرێت بۆ دەرهێنانی (20) نمرەت تاقیکردنەوەی نوسینەکی.
ب- نمرەی بەدەستهاتو لە (80) نمرە لێکدانی (0.75) بکرێت بۆ دەرهێنانی (60) نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.
ت- نمرەی کۆتایی لە هەردو خاڵی (أ و ب) نزیک بکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچو.
لە خاڵی سێیەمی نوسراوهكهدا وهزارهتی پهروهرده جهخت دهكاتهوه، ئەو خوێندنگایانهی تاقیکردنەوەی کۆتای وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دوەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن.
بەهۆی بەردەوامی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بایكۆتی خوێندنیان کرد.