توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەدات، خەبەربوونەوەی بەردەوام لە شەواندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوەی لێدەکرێت، لە داهاتوودا.
شارەزایان لە ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ توێژینەوە لە نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، لەم دواییانەدا توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە، کە ئاماژەیان بەوە کردووە بەردەوام لە خەو هەڵسان بە درێژایی شەو، ڕەنگە پەیوەندی هەبێت بە پەرەسەندنی نەخۆشی لە بیرچوونەوە لە داهاتوودا.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Neuroscience) بڵاوکراوەتەوە، بە ناونیشانی “پەیوەندی نێوان خەوتنی گونجاو و نەخۆشی بیرچوونەوە.
توێژینەوەکە بۆ ماوەی ٧ ساڵ بەدواداچوونی بۆ زیاتر لە ٨٨ هەزار بەشداربوو لە بەریتانیا کردووە، کەتێکڕای تەمەنی بەشداربووان ٦٢ ساڵ بووە.
لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە خەوی ناڕێکیان هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی بیرچوونەوە بە ڕێژەی لەسەدا ٥٣ زیاترە، بە بەراورد بەو کەسانەی کە خەوێکی ڕێکوپێکیان هەیە.
نووسەری توێژینەوەکە ماتیۆ پاوڵ پێس، لە زانکۆی مۆناش لە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی بەدەست خەوی ناڕێکەوە دەناڵێنن، ڕەنگە پێویستیان بە باشترکردنی خەوتنیان هەبێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە نەخۆشی بیرچوونەوە بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویست بە لێکۆڵینەوە هەیە لە داهاتوودا بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەواوی دۆزینەوەکانمان، لەم توێژینەوەیەدا”.
لای خۆیەوە ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار ڕایگەیاند: توێژینەوەکە ئەوە ناسەلمێنێت کە ناڕێکی خەوتن دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە، تەنها پەیوەندییەکە نیشان دەدات.