ڕۆژ بەڕۆژ نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دادەبەزێت و ئەمڕۆ دوای ڕاگەیەنراوەكەی بانكی ناوەندی بە گەیشتنی زۆرترین بڕی دۆلار بۆ عێراق زیاتر لە هەزار دینار لە بەهاكەی دابەزیوە.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە نرخی دۆلار زیاتر دابەزیوە و هەر 100 دۆلار بڕی زیاتر لە هەزار دینار شكاوە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت، لەكاتێكدا بەیانی بە 154 هەزار دینار بوو.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بانكی ناوەندی ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا و وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە ڕێككەوتن كراوە لەسەر پێدانی بڕێكی زۆری دۆلار لە ساڵی نوێدا.
بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، بڕی ئەو دۆلارەی لە ماوەی دوو هەفتەدا لە ڕێگەی هەندێك بانكی حكومی و ئەهلییەوە هاوردەی عێراق کراوە 255 ملیۆن دۆلارە.