سالاری بازیان
ئەم بردنەوەیه ئاماژەیەكه بۆ گەڕانەوەی كەركووك بۆ پێش ڕیفراندۆم، كەركووكییەكان سەلماندیان كوردبوونیان لەپێش هەرشتێكی ترەوەیە، چونكە لەچەند ساڵی رابردوو نەیارانی كورد و كوردستانی كەركووك شتێك نەما نەیكەن، گومانی تێدا نییه دوای ڕیفراندۆم و وەدەرنانی هێزه كوردیەكان سەرجەم گرووپ و هێزە سیخوریە نیودەوڵەتیەكان، كاریان لەسەر بێ ئومێد كردنی كوردانی كەركووك كردو ئامانجیان له ناوبردنی هیوا و ئومێدێك بوو كه جارێكی تر، كوردەكان نابێت به خەیاڵیش بیر لە كەركووك بكەنەوە و بەتەواوەتی له ئایندەكەی دایببڕن .
بەڵام له دۆخێكدا كه حوكمڕانی باشووری كوردستان غەرقی دەرد و كێشه و گرفتی جۆراوجۆرە، توشی دابرانێكی قوڵی ناوخۆیی بووە، رەخنەو گللەییەكی زۆر هەیەو كێشەی ئابوری و بەرچاوی هەیە، كەچی لەم دۆخەدا كوردەكان به بەشداریەكی بەرچاو به به هێزترین مۆدێلی دیموكراسیی و مەدەنی، بەشێوەیەكی ناتوندوتیژی و ئەقڵانی بوونەوه به سەنتەر و زۆرینە لەكەركووك.
بۆ ئەم هەنگاوەش ناكرێت یەكێتیەكان به تایبەت لیستەكەی(ی.ن .ك) لەبەرچاو نەگیرێت، بۆیە پێویسته سەركەوتنەكەی به پیرۆزی تەماشا بكرێت و وەک هەنگاوێكی ئەرێنی و كوردانە بخوێنرێتەوە نەك حزبیانە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی هەر رەخنەو گللەیەك كەلەم هێزە هەیە، هەقە لەم هەنگاوە دەستخۆشی لێبكرێت كە توانی لەگەڵ خۆیدا كارتی كوردی له كەركووك بباتەوە سەرمێزی دۆست نەیاران، ئیتر بەم دوعایه بڵێن ئامین و پێكەوه بڵێین له كورد پیرۆزه و دەست خۆشیش بكەین لەسەرجەم هێزە كوردییەكان، تا بتوانن ئەم هەنگاوە بكەنە سەرەتایەكی پتەو هەمیشەی بۆ یەكێتی كوردانی كەركووك، چونكە كەركووك هەم قودسه و هەم دڵ!