ئاری محەمەد هەرسین
هەتا نوسینی ئەم گوتارە، لە موسڵ و کەرکوک براوە ین و لە دیالەش کورسیەکمان بەدەست هێناوە. هەرچەندە تموحی ئێمە زیاتربو، بەڵام نابێت سیاسەتی تەعریب و دابڕانی خۆمانمان لەو ناوچانە بە تایبەتی لەپاش ١٦ ئۆکتۆبەر لەبیر بچێتەوە، کە کاریگەریە نەرێنیەکەی ئەمڕۆ هەست پێکرا.
ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەو کارتانەیان سوتاند کە هەندێک کەس گرەویان لەسەر کردبو. ئەو کارتانە بریتی بون لە بێ بەها کردنی ئینتیما بۆ ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستان. لە لایەکیترەوە، خەونی ئەو عەرەبانەی کە بڕیاریان دابو لە پاش ٢٠٢٣/١٢/١٨ عەگالی عەرەبی بکەنە سەر کورد، بەتاڵ بوەوە. بەڵام کاریگەری ئەم ئەنجامانە لەسەر خەڵکی کوردستان ئەبێتە هۆکاری بەرزبونەوەی ورە و، گەڕانەوە یە بۆ مەیدانی سیاسی بە هێزە وە.
باشترین شێوە بۆ ئاهەنگ گێران بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنەوە ئەوەیە کە هیچ لایەنێکمان بەشی خۆمان جیانەکەینەوە و بردنەوەکە بە سەرکەوتنێکی میللی بزانین و، لە قەوارە ی حیزبەکانماندا بچوکی نەکەینەوە. گرنگ نیە کێ گۆڵی کردوە، گرنگ ئەوەیە کە تیمی کوردستان بردیەوە.
لەوانەیە بۆ ئێمەی کورد، هەنگاوەکانی پاش ئەم هەڵبژاردنە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گرنگتر بێت.
خەڵکی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە ئاشکرا داوامان لێ دە کەن بە یەکگرتویمان لە تەعریب و چەوسانەوە ڕزگاریان بکەین. بۆیە ئێمەی لایەنە سیاسیەکان، جگە لە یەکڕیزی و پێکەوە کارکردن، هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەر دەستدا نیە. چونکە دواجار بیرمان نەچێت دەنگەکانی عەرەب و تورکمان پێکەوە لە کەرکوک، لە دەنگی کورد زیاترن، کە ئەمەش زە نگێکی مەترسیدارە. ئەگەر وەک لایەنە کوردستانیەکان، خۆمان کۆنەکەینەوە و گوێمان لەو زەنگە نەبێت، دەبێت کوردستانی بونی خانەقین و کەرکوک بۆ هەتا هەتایە لەبیر خۆمان بەرینەوە. بەرژەوەندی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان لەسەرو هەمو شتێکەوە یە، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی سەرشانمانە یەک بین و بەیەکەوە پاسەوانی لە ماڵی خۆمان بکەین.