وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆبووەوە و رایگەیاند، گرنگە وێنەیەکی ڕوون و دروستی هەرێمی کوردستان بەشەفافی بگاتە ناوەندە جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆئەوەش وەک وەزارەتی دارایی ئامادەیی هەموو پشتیوانیەکین بۆ تیمی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمرۆ سێشەممە ٢٠٢٣/١٢/١٩ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لەدیدارەکەدا تیشک خرایە سەر کارو چالاکیەکانی نێوان هەردولاو هەماهەنگیەکان دەربارەی ڕاپۆرت و ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان و ئەو ڕاپۆرتانەی بۆ ناوەندە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان ئامادە دەکرێت.
هەروەها، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ڕایگەیاند گرنگە وێنەیەکی ڕوون و دروستی هەرێمی کوردستان بەشەفافی بگاتە ناوەندە جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و لەو ڕووەشەوە ئامادەیی هەموو پشتیوانیەکی وەزارەتی دارایی بۆ تیمی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان دەربڕی، ڕونیشیکردەوە لەماوەی چوارساڵی ڕابردوو بەداتاو ئامار چاکسازیان لەزۆربەی بەڕێوبەرایەتیەکانی وەزارەت کردووە و لەپێناو کارئاسانی و کەمکردنەوەی ڕۆتین بەشێکی زۆری ڕێنماییەکانیان لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە هەموارکردووەتەوە.
لای خۆشیەوە دیندار زێباری سوپاسی وەزیری دارایی کرد کەلەچەند ساڵی ڕابردودا پشتیوان و هاوکاریان بووە بۆ بەرەوپێشچونی کارەکانیان لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەرەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ڕاپۆرتی هەرێمی بۆساڵی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەربارەی چاکسازیەکان لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو بکرێتەوەو وەزیری داراییش ئامادەیی وەزارەتی بۆ پێشکەشکردنی هەموو داتاو زانیاریەکان لەسەر کارو چالاکی و چاکسازیەکانی وەزارەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان دوپات کردەوە.