پارێزگاری سلێمانی سوپاسی دەنگدەرانی کەرکوک دەکات و خۆی بە قەرزارباریان دەزانێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکرد لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت”زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، ئەگەر ئیرادە مابێت و شکستمان ئەزمون کردبێت، لێرەوە، لەگەڵ تێبینیی و نیگەرانیی و مەترسیی بەشدارینەکردنی وەک پێویست لە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەکەو ئەنجامەکانیشدا، پیرۆزبایی تەواوبوونی ئارامانەی هەڵبژاردنەکان دەکەین، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو لایەن و لیست و قەوارانە دەکەین کە بەهەر جۆرێک بوو, بەشداربوون، پیرۆزبایی لە دەرچووەکان دەکەین.
د.هەڤاڵ نووسیویەتی،کوردانی جوامێری خێرلەخۆنەدیوی بوێرو دوربین و وردبین و بەئیرادەو بە هیممەت و هەڵمەتی کەرکوک و موسڵ و خانەقین و ناوچە کوردستانییە لە کوردستان دابڕێنراوەکان، کوردیان لە کەناری پاکتاوێکی دیموکراسیی پاراست، شکۆمەندانە ڕۆحیان بەبەری کوردایەتیی و گیانی نیشتمانیدا کردەوە.
دەشڵێت، سوپاس و پێزانین و پشتیوانیی و وەفاو ئەمەکداریی و قەرزارباریی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ ئەوەی ڕەنج و گەنج و ئومێدی ئەوان و هەموو هاووڵاتیان بە هەدەر نەدەینەوە، لە ئێستاوە پێویستە هەموو لایەنە دەرچووە کوردستانییەکان، دەرچون بگۆڕن بە سەرکەوتن، سەرکەوتن تەنها ئەوەنییە کە دەرچوون، چونکە پێشتریش دەرچوبون و کەوتن، سەرکەوتن ئەوەیە دەستپێشخەربن بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد و کوردستان و عیراق.
د.هەڤاڵ پەیامێکیش ئاراستەی هێزە کوردییەکان دەکات و دەڵێت” ژمارە کەمەکان کۆبکەنەوەو ژمارەیەکی گەورەی پێدروستبکەن کە چیتر کورد مەترسیی پاکتاوکردن و کوردستان مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیی و داگیرکاریی و پەراوێزخستنی لەسەر نەبێت، گەمەکە تەواو بوو، هەڵمەتە ناشیرینەکانتان دژی یەکتر ڕابگرن، تەبابن، بەرنامەو پلان و پاکێج و ستراتیژێکی نیشتمانیانە دابڕێژنەوە بۆ ئەوەی چیتر بە گورگانخوارد نەدرێن”.
دەشڵێت”ڕۆژی یەکبوون و دەستپێشخەریی نیشتمانییە، بۆ ئەوەی زۆرەکەتان بە ناکۆکیی کەمنەکەن و لە ڕێنەکەوتنی ئێوەدا، کەمی خەڵکی تر خۆی بەسەرتاندا، شۆڕنەکاتەوە، دەرچوون بکەن بە سەرکەوتن، چاوی لێتانە، دایکی وەتەن”.