کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوتا بوونی ئەنجامی دەنگەکانی بە شێوەی دەستری و ئەلکترۆنی پشتڕاستکردەوە.
ئەمرۆ سێ شەممە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان، کە ئامێرەکانى دەنگدان ئەژماریان کردووە، لەگەڵ ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان هاوتان و گۆرانکارییان تێدا نییە.
راشیگەیاند، پرۆسەى بەراوردی ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان و ژماردنی دەستییان تەواو بووە، کە هاوتا بوون، ئێستاش بەراوردى ئەنجامى ئۆنلاین و میمۆرى ناو ئامێرەکان دەکەین، بزانین ئەوانیش هاوتان.
ئاشکراشیکرد، تا کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ تەواوی بەراوردکارییەکانی ئەنجامەکان تەواو دەبێت و دواى ئەوە ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین.
رۆژى دوو شەممە لە 15 پارێزگاى عێراق هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەرێوەچوو، ئەوەش دواى 10 ساڵ لە بەرێوەنەچوونى ئەو هەڵبژاردنە.