دامەزراوەی گومرگی ئێران بلاوی کردووەتەوە، لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا بەبەهای زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلار کاڵایان هەناردەی ١٥ وڵات کردووە کە لەنێوایاندا عێراق بەبەهای شەش ملیار دۆلار کالای لە ئێرانەوە هاوردەکردووە.
محەمەد ڕزوانی بەڕێوەبەری گومرگی ئێران لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەوالی “فارس”ی ڕاگەیاندووە، قەبارەی هەناردەکانی ئێران بۆ وڵاتانی دراوسێ بەڕێژەی ٪٩ ساڵانە زیادی کردووە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێدا گەیشتووەتە ٣٨.٥ ملیار دۆلار و ئەمەش لەم ماوەیەدا کە دتیاری کراوە دەریدەخات قەبارەی بازرگانی بەڕێژەی ٪١٢ گەشەی کردووە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە،” پاکستان بە بەهای ١.٣ ملیار دۆلار و ڕوسیا ٦١٦ ملیۆن دۆلار و عێراق ٦ ملیار دۆلاری هاوردەکردووە، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاڵا لە ئێرانەوە هاوردەی عێراق دەکات.”
هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێران ١٤.٦ ملیۆن تۆن کاڵای بە بەهای ٢٠ ملیار دۆلار لە ١٥ وڵاتی دراوسێوە هاوردە کردووە.